بازاڕی زێڕ لە عیراق لە ساڵی 2026دا پاشەكشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە

کوردستان 01:43 PM - 2026/08/23

لە ژێر رۆشنایی ئاڵۆزییە ئەمنییەكانی ناوچەكە و گۆڕانكارییە بەردەوامەكان لە رسووماتی گومرگیدا، بازاڕی زێڕ لە عیراق لە ساڵی 2026دا پاشەكشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
بەپێی نوێترین ئامارەكانی دەزگای پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی عیراق، هاوردەكردنی زێڕ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 50 كەمیكردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، كە تێیدا كۆی بڕی هاوردەكراو گەیشتووەتە 14تۆن و 800 كیلۆگرام (جگە لە هەرێمی كوردستان)، هاوكات ئەم دابەزینە هەرێمی كوردستانیشی

 گرتووەتەوە و  زۆرترین بڕ لە هەولێرەوە هاوردە كراوە كە یەك تۆن زێڕ بووە، لەم گرافیكەدا بە ژمارە و داتا بڕی هاوردەكردنی زێڕتان بۆ دەخەینە ڕوو:
-هەولێر: ئەمساڵ یەك تۆن و 800 كیلۆگرام زێڕ لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هاوردەكراوە، لە بەرامبەردا نزیكەی 700 كیلۆگرام زێڕی لێوە هەناردەی دەرەوە كراوە.

-سلێمانی: لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، یەك تۆن و 89 كیلۆگرام زێڕ لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانییەوە هاوردەكراوە، كە زۆرترین بڕی لە مانگی كانوونی دووەمدا بووە و گەیشتووەتە 448 كیلۆگرام.

-كەركوك: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كەركوك لەمساڵدا بە تەواوی لە دەرەوەی هاوكێشەی بازرگانییەكە بووە و هیچ بڕە زێڕێكی لێوە هاوردە نەكراوە.
بەغداد: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بە هاوردەكردنی 13 تۆن و 549 كیلۆگرام زێڕ، وەك پێشەنگ و سەرەكیترین دەروازەی هێنانەناوەوەی ئەم كانزا بەهادارە لەسەر ئاستی عیراق تۆماركراوە.

-بەسرە: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە لە پلەی دووەمی دەروازەكانی عیراقدا دێت بۆ هاوردەكردنی زێڕ، كە تێیدا بڕی یەك تۆن و 46 كیلۆگرام زێڕ هاوردە كراوە.
-نەجەف: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف كەمترین بڕی هاوردەكردنی تێدا تۆماركراوە بەراورد بە دەروازە چالاكەكانی تری عیراق، كە تەنیا 200 كیلۆگرام زێڕ بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو