سێرگی لاڤڕۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، سەردانی ئەم دواییەی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (سی ئای ئەی) بۆ مۆسكۆ لە چوارچێوەی كاری ئاسایی هەواڵگریدا بووە، هاوكات رەتیكردەوە وڵاتەكەی هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی كۆتایی ئاراستەی واشنتۆن كردبێت.
لاڤڕۆڤ، لە چاوپێكەوتنێكدا، سەبارەت بە سەردانی جۆن راتكلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بۆ مۆسكۆ رایگەیاند، من لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە نەبووم، بەڵام وەك هەموو جیهان، لێرەش رێسایەك هەیە كە دەزگا هەواڵگرییەكان لەسەر بنەمای ئەو رێسایە كار دەكەن. ئەوەش كارێكی نائاسایی نییە كە ئەو دەزگایانە لە بێدەنگیدا كارەكانیان ئەنجام بدەن.
تەئكیدیشی كردەوە كە روسیا هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی كۆتایی نەداوەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەبارەت بە پشتگیریكردنی هێرشەكانی ئۆكرانیا بۆ سەر خاكەكەی، بەڵام بەردەوام و بە شێوەیەكی رێكخراو لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكاندا ئەم بابەتە دەورووژێنن.
جۆن راتكلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (سی ئای ئەی) لە 25ـی ئابدا سەردانی مۆسكۆی كردبوو. لەو بارەیەوە سێرگی ناریشكین، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا ئاشكرای كرد، لەو كۆبوونەوانەدا تاوتوێی بابەتی پەیوەست بە پسپۆڕی دەزگا هەواڵگرییەكان كراوە.