وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێكدا ڕووە و ئەمریكا دەڵێت، فشار هیچ ئەنجامێكی نابێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ توندبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران.
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ئەستەم نیە دیپلۆماسی بگەڕێتەوە بۆسەر ڕێڕەوە ڕاستەكەی خۆی، وتیشی ئەم هەنگاوە دەكەوێتەوەسەر یەك ڕاستی سادە كە پێویستە ئەمریكا تێی بگات، ئەویش ئەوەیە كە فشار ئەنجامی نابێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێویستە ئەمریكا متمانە بنیات بنێت، بە ڕێزەوە گفتوگۆ بكات، دان بە مافەكانی ئێمەدا بنێت و بە بەڵێنەكانیەوە پابەند بێت.
دوای زیاتر لە شەش مانگ ئاڵۆزی و جاروباریش هێرشكردنەسەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە بۆ بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، هێشتا هەوڵە نێوەندگیریەكانی پاكستان و قەتەر و عوممان بۆ رێككەوتنی یەكجاری نێوان ئەمریكا و ئێران بێ ئەنجام بوون.
ئەمریكا چەند ڕۆژێكە گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی توندتر كردووە و سزای نوێی ئابوری بەسەر چەندین كۆمپانیا و لێپرسراوی ئێرانیدا سەپاندووە، هەڕەشەی لەو وڵاتانەش كردووە كە بازرگانیی و مامەڵەی داراییان لەگەڵ ئێران هەیە.