كۆشكی شاهانەی نەرویج كۆچی دوایی پاشا هاراڵدی پێنجەمی دوای 35 ساڵ لە حوكمڕانی راگەیاند، بەوەش شازادە هاكۆنی جێنشین بوو بە پاشای نوێی وڵاتەكە.
رۆژی هەینی، كۆشكی شاهانەی نەرویج لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پاشا هاراڵدی پێنجەم، سەعات 6:35ـی بەیانی، لە نەخۆشخانەی زانكۆی ئۆسلۆ لە تەمەنی 89 ساڵیدا و دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، كۆچی دوایی كرد.
دوای راگەیاندنی هەواڵەكە، ئاڵای وڵات لەسەر كۆشكی شاهانە لە ئۆسلۆ داگیرا و شازادە هاكۆنی تەمەن 53 ساڵ، وەك جێنشینی باوكی، دەسەڵاتەكانی وەك پاشای نوێی نەرویج گرتەدەست.
پاشا هاراڵد كە بەتەمەنترین پاشای ئەوروپا بوو، لە 17ـی ئابەوە بەهۆی نەخۆشیی "كەمخوێنیی شیكەرەوە" لە نەخۆشخانە بوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا باری تەندروستی بەتەواوی تێكچوو و كۆشكی شاهانە دۆخەكەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف كردبوو.
هاراڵدی پێنجەم لە ساڵی 1991ـەوە لەسەر تەختی پاشایەتی بوو. ئەو لە ماوەی 35 ساڵی حوكمڕانیدا وەك كەسایەتییەكی میانڕەو و كۆكەرەوەی گەلی نەرویج دەبینرا. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست چەندین كێشەی تەندروستییەوە دەیناڵاند، بەڵام هەمیشە تەئكیدی دەكردەوە كە سوێندی پاشایەتییەكەی پابەندبوونێكی هەتاهەتاییە و دەستبەرداری تەخت نابێت.
هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی كۆچی دوایی، هاووڵاتیانی نەرویج لەبەردەم كۆشكی شاهانە كۆبوونەوە و بە دانانی گوڵ، رێزیان لە یادی پاشا هاراڵد گرت، كە لە ناو وڵاتەكەیدا بە پاشایەكی "گەرموگوڕ و جێگیر" ناسرابوو.