ترەمپ: گەورەترین رێككەوتنی نەوتمان لەگەڵ ڤەنزوێلا ئیمزاكرد

عیراق 09:44 AM - 2026/08/29

دۆناڵد ترمپ  سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، گەورەترین ڕێككەوتنی نەوتیان لەگەڵ كاراكاس كردووە كە كۆنترۆڵی زۆرینەی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی ڤەنزوێلا دەداتە ئەمریكا، كە 65 ملیار بەرمیل تێدەپەڕێت.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ رێككەوتنەكەی بە گەورەترین ڕێككەوتنی نەوت لە مێژووی جیهاندا وەسفكرد و وتی، یەدەگی نەوتی ئەمریكا زیاتر لە دوو هێندە دەكات. وتیشی، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت وەزیری جەگی ئەمریكا لە رێگەی هاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت گەیشتوونەتە ئەم رێككەوتنە نوێیە لەگەڵ رۆدریگێز. 

لێپرسراوانی واشنتۆن و كاراكاس ئاشكرایان كردووە، ئەم رێككەوتنە نزیكەی 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت بۆ ڤەنزوێلا رادەكێشێت و زیاتر لە 209 ملیار دۆلار داهاتی باج بۆ وڵاتەكە دابین دەكات.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردۆتەوە، گرێبەستەكە كۆنترۆڵی ئەو پڕۆژە نەوتیانە دەداتە واشنتۆن كە نزیكەی چارەكێكی یەدەگی نەوتی بەكارنەهێنراوی ڤەنزوێلا لەخۆدەگرێت، هەروەها 17 كێڵگەی نەوتی ڤەنزوێلا لەخۆدەگرێت كە ژێرخانی پێویستیان نییە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.

لە ڕێككەوتنە مێژووییەكەدا هاتووە، ئەمریكا دەبێتە گەورەترین خاوەن پشك لە كۆمپانیایەكی نوێی هاوبەشی نەوتدا، كە گرێبەستی 100 ساڵەی لە ژمارەیەك كێڵگەی نەوتی ڤەنزوێلادا دەبێت. 


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو