عەبدولحسێن موسەوی وەزیری تەندروستی عیراق، بەشێوەیەكی لەناكاو سەردانی شاری پزیشكی ئیمام كازمینی لە بەغداد كردو بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانەوە بڕیاریدا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە لەكارەكەی دووربخاتەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، عەبدولحسێن موسەوی، سەردانێكی لەناكاوی بۆ شاری پزیشكی ئیمام كازمین لە بەغداد ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و پێشكەشكردنی ئاستی چاودێری پزیشكی بە نەخۆش و سەردانیكەران.
لە سەردانەكەدا، موسەوی پێداچوونەوەی بە بارودۆخی خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەكە كردووە و گوێی لە نیگەرانی و تێبینییەكانی نەخۆش و سەردانكەران گرتووە، و ڕێنماییشی دەركردووە كە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان.
هەر لە نەخۆشخانەكە وەزیری تەندروستی عیراق بڕیاریداوە بەڕێوەبەری شاری پزیشكی ئیمام كازمین لە كارەكەی دووربخرێتەوە و بریكاری كارگێڕی وەزارەتەكەی راسپاردووە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەكە تاوەكو بەڕێوەبەرێكی نوێ دیاری دەكرێت.