شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق، دەستگیركردنی بكوژی عەمیدەكەی ناوچەی دۆری بەغدادی راگەیاند.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق راگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شانەی هەڵۆكان لە ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی، بكوژی عەمیدەكەی ناوچەی دۆرەیان دەستگیرد، كە ناوی محەممەد عەبدولمەجیدە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026 پێكدادانێكی چەكداری لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و ژمارەیەك لە خاوەن خانووە زێدەڕۆكان لە ناوچەی (كەرارە) لە گەڕەكی دۆرە دروستبوو، ئەوەش لە كاتی جێبەجێكردنی هەڵمەتێك بۆ تێكدانی ئەو خانووانەی بە نایاسایی دروستكرابوون، لە ئەنجامدا ئەفسەرێك بە پلەی عەمید بە ناوی هیشام محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمیندارێتی بەغداد، لەگەڵ كارمەندێكی پۆلیسی فیدراڵی كوژران. هەروەها كارمەندێكی پۆلیسی فیدراڵی و چوار فەرمانبەری (ئەمیندارێتی بەغداد) بریندار بوون.