نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دەستی دەرەكی و ناوەكی هەیە بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان گرووپە چەكدارەكان و حكومەت دروست ببێت. تەئكیدی كردەوە، رێككەوتن لەو بارەیەوە كراوە كە بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن پرسەكە چارە بكرێت".
نووری مالیكی، سەرۆكی حیزبی دەعوە و سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە وتارێكدا رایگەیاند: خەڵكانێك هەن دەیانەوێت فیتنەو شەڕی ناوخۆیی دروست بكەن و تەڕو وشك پێكەوە بسوتێنن، بەڵام ئەوە ڕوو نادات، چونكە گفتوگۆ لەو بارەیەوە كراوە و ڕێككەوتن لەنێوان لایەنەكان كراوە پرسی گرووپە چەكدارەكان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر بكرێت.
نووری مالیكی ئاماژەی بەوەشكرد، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیران وتوویەتی، ڕۆژی یەكی مانگی تشرینی یەكەم شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەنێوان گرووپە چەكدرەكان و حكومەت ڕوو نادات. ئەوەش قسەی هەمووانە و قبوڵی ناكەین چارەسەری ئەم كێشەیە ببێتە پاساوێك بۆ ئەوەی دوژمنان فیتنە و شەڕ دروست بكەن و هەموو شتێك بە پرۆسەی سیاسیشەوە بڕوخێنن.
حكومەتی عیراق تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلوول دوا مۆڵەتی بۆ گرووپە چەكدارەكان دیاریكردووە تاوەكوو چەكەكانیان تەسلیمی دەوڵەت بكەن و تێكەڵی دامەزراوە رەسمییەكان ببن. بەشێك لەو گرووپانە ڕەزامەندییان داوە و چەكەكانیان تەسلیم كردووە بەڵام بەشێكیان رەتیانكردووەتەوە.