وەزیری سامانە سروشتییەكان: ناتوانین بەنزینی 450 دیناری دابین بكەین كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، هۆكاری دابەشنەكردنی بەنزینی 450 دیناری ئاشكراكردو وتی، لەبەرئەوەی وەزارەتی نەوتی عیراق هەر بەرمیلێك نەوت بە چوار دۆلار دەداتە پاڵاوگەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان 16 دۆلارە، ئەمەش وایكردووە نەتوانن بەنزینی 450 دیناری دابین بكەن. هەر كاتێكیش بەغداد ئەو نەوتەی دەیداتە هەرێم بە چوار دۆلار بۆیان هەژمار بكات، ئەوا بەنزین بە 450 دینار دەدەنە هاووڵاتییان.
سەبارەت بە گەرانەوەی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ هەرێمی كوردستانیش وتی، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووەتەوە و هەموو كۆمپانیاكان گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان و ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتۆتە 220 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، لەو بڕەش 50 هەزار بەرمیلی بۆ ناوخۆ بەكاردەهێنرێتو ئەوەكەی تری هەناردە دەكرێت.