حەیدەر عەبودی : زیاتر لە ترلیۆنێك دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕێنراوەتەوە

عیراق 09:46 AM - 2026/08/30

 حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، توانراوە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێك و 359 ملیار دینار پارە و موڵك و ماڵ بگەڕێنرێتەوە. 
حەیدەر عەبودی، لە لێدوانێكدا نوێترین ئامار و ئەنجامەكانی هەڵمەتی چاكسازی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند ،لە ژێر چەتری هەڵمەتی بەرەبەیاندا، حكومەت سەركەوتو بوە لە گەڕاندنەوەی زیاتر لە ترلیۆنێك و 359 ملیار دینار كە وەك پارە و موڵك و ماڵ لە ئەنجامی گەندەڵی بەهەدەر درابون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و هیچ وەستانێكی تێدا نییە، چونكە گەندەڵی سیستەمێكی ڕەگداكوتاوە و رووبەڕووبوونەوەی وەك جەنگێكی گەورە وایە. بە وتەی حەیدەر عەبودی،دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق دایە، كە پشتیوانی تەواوی دەستەی دەستپاكی و دەسەڵاتی دادوەری دەكات بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی ئەم هەڵمەتە.

وتەبێژی حوكمەتی عیراق تەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی،حكومەت تەنها كار لەسەر گەڕاندنەوەی پارەكان ناكات، بەڵكو ستراتیژییەكی خۆپارێزیی گرتوەتە بەر.

ئەم ستراتیژییە پشت بە دوو خاڵی سەرەكی دەبەستێت؛ یەكەم، وردبینی پێشوەختە بۆ گرێبەستە حكومییەكان، دووەم، بەدیجیتاڵكردنی سیستمە كارگێڕییەكان و وەرچەرخانی ئەلیكترۆنی بۆ كەمكردنەوەی دەستوەردانی مرۆیی، كە هۆكاری سەرەكیی گەندەڵی و سەرانەسەندنە.لە بەشێكی تری لێدوانەكانیدا، عەبودی تیشكی خستە سەر رۆڵی هاووڵاتیان و هەواڵدەران لەم پڕۆسەیەدا و ئاشكرایكرد كە تا ئێستا 26 هەزار زانیاری لەسەر گەندەڵی گەیشتوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان.

عەبودی راشیگەیاند، بەپێی یاسای هەواڵدەران، هەر كەسێك زانیاریی ورد بدات كە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی پارەی بەهەدەردراو، پاداشتێكی دارایی وەردەگرێت كە بڕەكەی دەگاتە سەدا پێنجی  كۆی ئەو پارەیەی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، ئەمەش وەك هاندانێك بۆ زیاتر شەفافكردنی دامەزراوەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو