وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق زیادبوونی بڕی ئاوی هاتوو لەرێگەی ڕووباری فوراتەوە رادەگەیێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەدات ئاستی هاتنی ئاو بەراورد بە ساڵی ڕابردوو چوار هێندە زیادی كرووە.
خالید شەماڵ، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو بە رۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاند، بڕی ئاوی هاتوو لە سووریاوە گەیشتووەتە 680 مەتر سێجا لە چركەیەكدا، لەكاتێكدا ساڵی ڕابردوو لە هەمان كاتدا تەنیا 151 مەتر سێجا ئاو دەهات. وتیشی ئەم پێشكەوتنە دەرەنجامی لێكتێگەیشتنی دوولایەنەیە بۆ دابەشكردنی پشكی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ئاشكرای كرد، ئێستا بڕی ئاوی پاشەكەوتكراو لە بەنداوی حەدیسە گەیشتووەتە 4.8 ملیار مەتر سێجا. بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور، ڕۆژانە 500 مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكەوە بەردەدرێتەوە؛ ئەم بڕەش بەراورد بە ساڵی 2025 كە 325 مەتر سێجا بوو، زیادبوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
وتەبێژی وەزارەتەكە هۆكاری زیادبوونی ئاو بۆ سێ فاكتەری سەرەكی دەگەڕێنێتەوە؛ كە بریتین لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و ڕێژەی بارانبارین لە توركیا و سووریا، لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو لە لایەن توركیاوە.
ئاماژەی بەوەش دا بەپێی لێكتێگەیشتنەكان دەبێت بڕی ئاوی تێپەڕبوو لە سنووری توركیا-سووریا لە 500 مەتر سێجا كەمتر نەبێت، بە جۆرێك 58 لە سەدی بۆ عیراق و 42 لە سەدی بۆ سووریا بێت.