ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، جۆن راتكلیف بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (سی ئای ئەی) لە سەردانەكەیدا بۆ مۆسكۆ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا، پێشنیاری كۆبوونەوەیەكی لووتكەی سێقۆڵیی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلێنسكی كردووە.
ئەمە یەكەمین جارە كە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی راستەوخۆ بەشداری لە هەوڵە دیپلۆماسییەكاندا بكات بە مەبەستی بەدەستهێنانی پێشكەوتن لە نێوان روسیا و ئۆكرانیادا.
سەرچاوەكان رایانگەیاندووە ئامانجی سەردانەكەی راتكلیف بۆ ئەوە بووە بزانێت ئایا لێپرسراوانی دەزگا هەواڵگرییەكانی روسیا دەتوانن یارمەتیدەر بن لە رازیكردنی ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ ئۆكرانیا بە نێوەندگیریی ئەمریكا.
بەپێی سەرچاوەكان،رۆژی هەینی، لێپرسراونانی واشنتۆن زیلێنسكیان لە گفتوگۆكانی راتكلیف لە مۆسكۆ و پێشنیاری لوتكە سێقۆڵییەكە ئاگادار كردووەتەوە.
دانوستاندنەكانی نێوان روسیا و ئۆكرانیا بە نێوەندگیریی ئیدارەی ترەمپ، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا و دوای دەستپێكردنی جەنگ لەگەڵ ئێران راگیران.
ستیڤ ویتكۆف و جارید كۆشنەر، نێردەكانی كۆشكی سپی لە چەند مانگی رابردوودا بە جیا دانوستاندنیان لەگەڵ وەفدەكانی روسیا و ئۆكرانیا ئەنجامداوە، بەڵام پێشكەوتنێكی ئەوتۆ بەدەستنەهاتووە.