ناكۆكی و ئاڵۆزی نێوان خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەداری دیاری سوننەكان و گرووپی چەكداریی حیزبوڵڵای عیراقی سەریهەڵداوە، بەهۆی دۆخی ناوچەی جورفی سەخر و ئاوارەكانی، كە جرف سەخر لە ساڵی 2014ەوە لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارە شیعەكانە و دەیان هەزار دانیشتووی ناوچەكە كە سوننەن ڕێگە نادرێت بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
وتەبێژی ڕاگەیاندنی خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەداری دیاریی سوننە و سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانیی سیادە داوای لە حیزبوڵڵای عیراقی كرد كە دەرگاكانی ناوچەی جرف سەخر بكەنەوە و ئاوارەكان بگێڕنەوە و قەرەبوویان بكەنەوە و چارەنووسی بێسەروشوێنبووان ئاشكرا بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، نوێژكردن لەسەر زەوی داگیركراو دروست نییە، لە كاتێكدا حوڕمەتی ماڵەكان پێشێل دەكرێت و خاوەنەكانیان لە گەڕانەوە قەدەغە كراون.
دوای ئەوە، ئەبو مجاهد ئەلعەساف، لێپرسراوی ئەمنیی گرووپی چەكداریی حزبوڵڵای عیراقی ڕایگەیاند: سەبارەت بە شاری نەسر (جورفی سەخر) كە لەم دواییانەدا زۆر قسەی لەسەر كراوە، تەئكید دەكەینەوە، ئێمە بەردەوامین لە ڕێكخستنی دۆسیە ئەمنییەكان لەگەڵ برامان عەلی توركی، پارێزگاری بابل، بۆیە هیچ نیگەرانییەك لەسەر دۆخی ناوچەكە نییە.
ئەبو موجاهد وتیشی: بانگهێشتنامەكە نوێ دەكەینەوە بۆ خەمیس خەنجەر بۆ سەردانیكردنی جرف سەخر بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لە خەڵكەكەی بكات و نوێژی مەغریب و عیشا بە "قەسر و جەمع" لەگەڵماندا بكات، و ئەركی میوانداریی بە تەواوی بۆ جێبەجێ دەكەین.
بەگوێرەی لئامارەكان ژمارەی ئاوارەكانی ناوچەكە 100 هەزار كەس زیاترە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مشتومڕ لەبارەی جرف سەخر سەریهەڵدایەوە، دوای ئەوەی هۆزەكان و لایەنە سیاسییەكان داوایان كرد ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە ناوچەكانیان.