چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان كۆبووەوە

عیراق 10:21 AM - 2026/09/01

 چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان كۆبووەوە و گفتوگۆی لەسەر پرسی تەواوكردنی پێكهێنانی حكومەت و دۆخی دارایی و ئابووریی عیراق كرد.

ئەمینداریەتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە، بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، تێیدا دوایین پێشهاتەكان لە سەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تاوتوێكران.

لە كۆبوونەوەكەدا عەلی زەیدی ئاشكرای كرد، هەوڵەكان بۆ پڕكردنەوەی 9 پۆستی بەتاڵی وەزاری چڕكراونەتەوە و رایگەیاندووە، گفتوگۆكانی پەیوەندیدار بە كابینەی حكومەت لەم هەفتەیەدا كۆتایی دێت، تاوەكو هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكان رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، بەمەبەستی دەنگدان لەسەریان. ئەمە لەكاتێكدایە، لە 14ی ئایاری ئەمساڵ، تەنها دەنگ لەسەر 14 كاندیدی كابینەكەی عەلی زەیدی درا، چوار كاندیدیان لە دەنگدانەكەدا رەتكرانەوە و متمانەیان وەرنەگرت، 5 وەزارەتی تریش كاندیدەكانیان نەخرانە دەنگدانەوە.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان تایبەت بوو بە دۆخی دارایی عیراق. لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی باسیان لە بارودۆخی ئابووریی وڵات كردووە لە سایەی لێكەوتەكانی شەڕ لە ناوچەكە و پەككەوتنی جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر داهاتەكان هەبووە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تەئكیدیان لەسەر خێراكردنی كارەكان كردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی كە بە "گرنگ و بەپەلە" وەسف كراون، دیالرترینی ئەوانەش یاسای بودجەی گشتی و یاسای حەشدی شەعبی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو