ئەمریكا دوو جۆری هێلیكۆپتەر دەفرۆشێتە عیراق

عیراق 10:50 AM - 2026/09/01

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گرێبەستێكی 800 ملیۆن دۆلاری بۆ فرۆشتنی دوو جۆری هێلیكۆپتەر بە عیراق پەسەند دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەزامەندیی نیشاندا لەسەر گرێبەستێكی ئەگەری بازرگانیی سەربازی لەگەڵ عیراق، كە دوو جۆری هێلیكۆپتەری "بێڵ" و كەلوپەلی سەربازیی تر لەخۆدەگرێت، كە بەهای خەمڵێندراوی سەرجەمیان بە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

جا با بزانین جۆری هێلی كۆپتەرەكان چین، وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا روونی كردووەتەوە، گرێبەستە ئەگەرییەكە كۆپتەرەكانی جۆری "بێڵ 412 ئی پی ئێكس" و "بێڵ 407 ئێم" لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەو كەلوپەل و سیستەمانەی پێوەی بەستراون. وەزارەتەكە باسیلەوەكردووە، جێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەم گرێبەستە لە ئەگەری تەواوبوونیدا، سپێردراوە بە كۆمپانیای "بێڵ-تێكسترۆن"ی ئەمریكی كە بارەگاكەی لە ولایەتی تەكساسە.

باسلەوەشكراوە، دەسەڵاتدارانی عیراق پێشتر داواكارییەكیان پێشكەش كردبوو بۆ كڕینی ئەم كۆپتەرانە، هاوشان لەگەڵ سەكۆكانی جێگیركردنی رەشاش و پێداویستییەكانی هاوێشتنی موشەكی ئاڕاستەنەكراو بۆ تەیاركردنیان، سەرەڕای چەندین سیستەمی جۆراوجۆر كە تایبەتكراون بە دابینكردنی گەشت و پەیوەندییەكان.

وەزارەتی دەروەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كردووە، ئیدارەی ئەمریكا پێشتر كۆنگرێسی لە بڕیاری پەسەندكردنی گرێبەستە ئەگەرییەكە ئاگادار كردووەتەوە؛ لە كاتێكدا ئەنجومەنی یاسادانان مۆڵەتی 30 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە پێشنیاركراوەكە و ئەگەری رێگریكردن لێی.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی بەغداد لە چوارچێوەی پلانی نوێكردنەوەی هێزی ئاسمانیی سوپای عیراق و كەمكردنەوەی پشتبەستنە بە هێلیكۆپتەرە روسییەكانی وەك "ئێم ئای 17 و ئێم ئای 28"، چونكە بەهۆی سزاكان و كێشەی دابینكردنی پارچەی یەدەگەوە، عیراق رووبەرووی گرفت بووەتەوە و بەوهۆیەوە رووی لە جۆر و مۆدێلە رۆژئاواییەكانی وەك بێڵ و ئێیەر پاس كردووە.

وە بڕیارەكەی ئەمریكاش بۆ فرۆشتنی ئەو كۆپتەرانە لە كاتێكی هەستیاردا دێت، چونكە بڕیارە لە رۆژی 30ی ئەم مانگە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق كۆتایی پێبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو