دەستەی دەستپاكی:تۆڕێكی ساختەكاریی وەرگرتنی پێشینەی بانكیمان لەبابل دەستگیركرد

عیراق 01:52 PM - 2026/09/02

تۆڕێكی 11 كەسی لە بابل دەستگیر كران كە هەستابون بە ساختەكردنی مامەڵەی وەرگرتنی قەرز و پێشینە لە لقی بانكی خانووبەرە و زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە.
دەستەی دەستپاكی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تۆڕێكی 11 كەسیان دەستگر كردووە ، بە تۆمەتی ساختەكردنی مامەڵەی وەرگرتنی قەرز و پێشینە لە لقی بانكی خانووبەرە لە بابل،  بەپێی راگەیەندراوی دەستەكە،تۆڕەكە لە شەش فەرمانبەری بانكەكە و پێنج هاووڵاتی پێكهاتوون كە مامەڵەی پێشینەی خانووبەرەیان ساختە كردووە و دەستكاریكردنەكە لە 56 مامەڵەدا كراوە و هەندێك زانیاریی فرۆشتن و گەڕاندنەوەی پێشینەش ساختەكارییان تێدا كراوە.

دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوەشكردووە،رێكارە یاساییەكان بەرامبەر تۆمەتبارەكانی تریش بەردەوامە و ئەوانیش بە بڕیاری دادگا دەستگیر دەكرێن و لە ئۆپراسیۆنەكەشدا دەست بەسەر مامەڵە، كارتی دانەوەی قەرز و مۆری بانكەكە لەگەڵ پارە و خشڵ و زێڕدا گیراوە و تۆمەتبارەكان بە بڕی زیاتر لە 543 ملیۆن دینار زیانیان بە سامانی گشتیی عیراق گەیاندووە و بە بڕیاری دادگا مامەڵەكردن بەو دۆسیانەوە بە تەواوی وەستێنراوە.

ئاشكراكردنی ئەم تۆڕە ساختەكارەی لقی بانكی خانووبەرەی پارێزگای بابل لەلایەن دەستەی دەستپاكیی عیراقەوە، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و وردبینی لە مامەڵەكانی وەرگرتنی پێشینەدا هات، كە تێیدا فەرمانبەرانی بانكەكە بە هاوكاریی كەسانی دەرەوەی دەزگاكە دەستكاریی بەڵگەنامە رەسمییەكانیان كردبوو تا بە شێوەیەكی نایاسایی دەست بەسەر پارەی گشتیدا بگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو