وەزارەتی ناوخۆی عیراق هەزاران كارمەندی خۆی دەردەكات

عیراق 10:37 AM - 2026/09/03

وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڕیاری دەركردنی 38 ئەفسەر و 3 هەزار‌و 425 كارمەندی لە ریزەكانی وەزارەت دەركرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە كەیسەكانی گەندەڵی و هەڵهاتن لە ئەرك.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ڕێككاری توندی گرتۆتەبەر دژی ئەو ئەفسەر‌و كارمەندانەی لە گەندەڵی كارگێڕی‌و داراییەوە تیوەگلاون، لەو چوارچێوەیەشدا 38 ئەفسەر‌و 180 كارمەند بەهۆی بڕیاری یەكلاكەرەوەی دادگا بەتەواوەتی لە خزمەت دەركراون، هاوكات 3 هەزار و 245 كارمەندیش كە لە ئەركەكانیان هەڵهاتبوون، لە ریزەكانی وەزارەت دەركراون.
مقداد میری، سەرۆكی بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، وەزارەت رێكارێكی توندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزكردنی پابەندبوونی پیشەیی لەناو دامەزراوە ئەمنییەكاندا گرتووەتەبەر، هیچ پارێزبەندییەكیش بۆ هیچ كەسێك نییە، ئەگەر تێوەگلانی لەو كەیسانەدا بسەلمێت كە پەیوەندییان بە دەستپاكییەوە هەیە.
دەشڵێت: پرۆسەی چاكسازی و لێپرسینەوە بێ جیاوازی بەردەوام دەبێت، چونكە پاراستنی دامەزراوە ئەمنیەكان‌و بەهێزكردنی پابەندبوون لە ریزەكانیدا، بنەمایەكی گرنگە بۆ بونیاتنانی دەزگایەكی ئەمنیی پیشەیی كە متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنێت و شكۆی دەوڵەت بپارێزێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو