تەنها چەند رۆژێكی كەم لەبەردەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا ماوە بۆ سوودمەندبوون لە لێخۆشبوونی نیوەی قەرزی كارەبا.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی كە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، سەكۆی ئۆنلاینی ئی-پسوولە زیاتر لە دوو ملیۆن مامەڵەی پارەدانی تۆمار كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، داشكاندنی 50% بۆ قەرزی كۆنی كارەبای پێش پرۆژەی رووناكی لە رۆژی 10ی ئەم مانگە كە دەكاتە "پێنجشەممەی داهاتوو"، كۆتایی دێت.
بۆ كۆی پرۆسەكەش تاوەكو ئێستا 450 هەزار هاوبەش قەرزەكانیان داوەتەوە، كە 340 هەزاریان لە رێگەی سەكۆی ئی-پسوولەوە مامەڵەكەیان ئەنجامداوە.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەكۆی ئی-پسوولە راگەیەندرا، ئامانج لەم پڕۆژەیە ئاسانكردنی پرۆسەی پارەدانی پسوولەكانی كارەبایە بەشێوەی دیجیتاڵی، هاووڵاتیان دەتوانن بەبێ تێچووی زیادە لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنەكان و 9 بانكی مۆڵەتپێدراوی بانكی ناوەندیی عیراق، كرێی كارەباكانیان بدەن.