زانكۆی جیهان لە ڕێگەی دەستپێشخەری زەكاتی زانستییەوە، مۆدێلێكی خێرخوازی و ڕاهێنانی ئەكادیمی پێشكەش دەكات.
دكتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆكی زانكۆی جیهان-هەولێر لە لەلێدوانێكدا بەگەلی كوردستانی وت، ئامانجی سەرەكی ئەم پڕۆژەیە خزمەتكردنی كۆمەڵگە و بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە، لە ڕێگەی پێشكەشكردنی خول، وۆركشۆپ و سیمیناری بێبەرامبەر بۆ خوێندكاران، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، چین و توێژە جیاوازەكان.
وتیشی، ئەم دەستپێشخەرییە لەسەر ئەو تێگەیشتنە ئیسلامی و ئەخلاقییە بەندە كە زەكاتی زانست، فێركردن و بەخشینیەتی بەوانی تر. خولەكان بوارە جیاوازەكانی وەك زمانە بیانییەكان، بەكارهێنانی بەرنامەكانی كۆمپیوتەر، تەكنەلۆجیای زانیاریی، كارامەییە كەسییەكان دەگرنەوە. مامۆستایان و پسپۆڕانی زانكۆكە بەشێوەیەكی خۆبەخشانە تێیدا بەشدارن تا زانیارییە ئەكادیمییەكانیان بگەیەننە دەرەوەی هۆڵەكانی خوێندن.
بە وتەی دكتۆر ئەمجەد سابر، لەلایەكی ترەوە پڕۆژەكە یارمەتی گەشەپێدانی توانای گەنجان دەدات بۆ ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە توانای داراییان سنووردارە و ناتوانن لە خولە تایبەتەكاندا بەشداربن.