شارەزایەكی ئابووری: داهاتی نەوت بەشی 65%ی مووچە دەكات     

عیراق 12:56 PM - 2026/09/04

نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابووری عیراق رایدەگەیەنێت بەپێی پێشبینیەكان دوای لێدەركردنی شایستە دارایییەكانی كۆمپانیا بیانییەكانی گەڕان و دەرهێنانی نەوت، داهاتی نەوتی عیراق بۆ مانگی ئاب  دەگاتە نزیكەی چوار  ملیار و 500 ملیۆن  دۆلار، كە دەكاتە نزیكەی پێنج ترلیۆن و 850 ملیار دیناری عیراقی، ئەمەش بەشی 65%ی موچەی موچەخۆران دەكات.
نەبیل مەرسومی لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، دوای لێدەركردنی شایستە دارایییەكانی كۆمپانیا بیانییەكانی گەڕان و دەرهێنانی نەوت، نزیكەی شەش ترلیۆن دینار لەو داهاتە دەمێنێتەوە. ئەم بڕە پارەیەش بە تەنها بەشی نزیكەی سەدا 65 ی كۆی گشتیی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دەكات.
نەبیل مەرسومی هۆشدارییدا لەوەی كە دابەزینی داهاتی نەوت كورتهێنانێكی دارایی دروستدەكات، بە جۆرێك دەوڵەت ناچار دەبێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە و خەرجییەكان پشت بە داهاتە نانەوتییەكان و ڕێوشوێنی تر ببەستێت.
بودجەی گشتیی عیراق بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 90  پشت بە فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت، هەر دابەزینێك لە نرخ و بڕی هەناردەكردنی نەوت، راستەوخۆ توانای حكومەت بۆ دابینكردنی موچە دەخاتە مەترسییەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو