مستەفا نزار عانی وەزیری بازرگانی عیراق تەئكید دەكاتەوە لەوەی، ئاسایشی خۆراك لە باشترین ئاستیدایە و زنجیرەی دابینكردنی بەدیل بۆ ئەوانەی پشتیان بە گەرووی هورمز بەستووە، مسۆگەر كراوە.
وەزیری بازرگانی عیراق لە پەراوێزی سەركردایەتیكردنی وەفدی عیراقی لە 118یەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە بارەگای كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە، ڕایگەیاند ،لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە سەرەكییەكان و وردەكارییەكانی یەكگرتنی ئابووریی عەرەبی تاوتوێ كران، لەوانەش ڕێكارەكانی گومرگی، ئاسانكاری بازرگانی نێوان وڵاتانی عەرەبی، و بەرزكردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی،ئاماژەی بەوەشكرد، وەفدە عیراقییەكان بانگهێشتێكی رەسمییان ئاراستەی دەوڵەتانی عەرەبی كرد بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كارا بەشداری بكەن لە 50یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بەغداد،جگە لە پێشنیاركردنی كۆمەڵێك بیرۆكە و دەستپێشخەری بە ئامانجی بوژاندنەوەی بازرگانی نێوانیات،سەبارەت بە دەستەبەركردنی زنجیرەكانی دابینكردن و پلانی بەدیل، وەزیری بازرگانی ڕوونیكردەوە لەكۆبوونەوەكاندا باسیان لە دڵنیابوون لە بەردەوامی رۆیشتنی كاڵاكان بۆ عیراق و دۆزینەوەی رێگەی بەدیل لە ژێر رۆشنایی ئاڵۆزییەكان و رێگرییەكانی گەرووی هورمزدا كردو ،لە كۆبونەوە دووقۆڵیەكانیشدا تیشكیان خستۆتە سەر ئاسانكاری بۆ رۆیشتنی كاڵاكان ، هەروەها ڕێككەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی بازرگانی هاوبەش بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەتی عیراق و تشكیان خستە سەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە ناوخۆی وڵات و چارەسەركردنی بۆشاییەكانی كەرتی پیشەسازی نیشتمانی.سەبارەت بە بەشەخۆراكی مانگانە، وەزیری بازرگانی عیراق دڵنیایی دا لەوەی، كە ئاسایشی خۆراك بە هەوڵی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران لە باشترین دۆخدایە و وەرزی بەبازاڕكردنی گەنم بە كۆكردنەوەی بە ملیۆنان تۆن سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە. بە وتەی مستەفا نزار، وەزارەت سەركەوتوو بووە لە رووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەكانی بارودۆخی ناوچەكە و دواكەوتنی بارەكان لە گەرووی هورمزەوە لەڕێگەی دەستەبەركردنی ڕێگەی جێگرەوە.