پارێزگای دیوانیە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی فراوانترین هەڵمەتی دژە گەندەڵی بووەتەوە كە بە هەڵمەتی بەرەبەیان ناسراوە، تێیدا دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری پلە باڵا بە تۆمەتی ساختەكاری لە مامەڵەكانی زەوی و زارو وەرگرتنی بەرتیل دەستگیركراون.
چیرۆكی دەستگیر كردنی ئەم جارە جیاوازە، دەستەی دەستپاكی فەرمانبەرێكی ژنیان لەبەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانیە لەكاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیركردووە، كە داوای پارەی لەهاووڵاتییەك كردبوو بۆ راییكردنی مامەڵەی كڕینی زەوییەكی حكومەت.
تیمێكی مەیدانی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكیی لە پارێزگای دیوانیە دوای وەرگرتنی زانیاری و وردبینی، ئەو ژنە فەرمانبەرە كە لە هۆبەی موڵكایەتی لەشارەوانیی شارەكە كاریكردووە لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكە دەستگیر كردووە، ئەو ژنە فەرمانبەرە داوای بڕە پارەیەكی وەك بەرتیل لە هاووڵاتییەك كردبوو بۆ ئەوەی مامەڵەی كڕینی پارچە زەوییەكی دەوڵەتی بۆ تێپەڕێنێت، كە بەپێی مادەی 25ی یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت ئەنجامدرابوو. تیمەكە، دوای دڵنیابوونەوە لەزانیارییەكان و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، بۆسەیەكی تۆكمەیان بۆ تۆمەتبارەكە داناوەو لەكاتی وەرگرتنی پارەكەدا دەستگیریان كرد، دادوەری لێكۆڵینەوەی دیوانیە بڕیاریداوە تۆمەتبارەكە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983ی هەمواركراو رابگیرێت تالێكۆڵینەوە یاساییەكان لەگەڵیدا تەواو دەبن.