ئەمساڵ لە دەشتی ناوكوڕ لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆك، زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی بە برنجی كوردی چێندراون. چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە 10 هەزار تۆن برنج، بەڵام پێش ئەوەی جووتیاران دەست بە دروێنەكردنی بەرهەمەكەیان بكەن، ڕووبەڕووی كێشەیەكی گەورە بوونەتەوە كە ئەویش كەمیی پێدانی كارەبای نیشتمانییە؛ چونكە ئەم كێشەیە پڕۆسەی ئاودانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پەكخستووە و زیانی بەو پارچە زەوییانە گەیاندووە كە بە برنج چێندراون. جووتیارانی سنوورەكە داوای زیادكردنی سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی دەكەن و وەك خۆیان ڕوونی دەكەنەوە، ئەگەر دۆخی كارەبا بەم شێوازە بێت، بەشێكی زۆری بەرهەمەكانیان لەناو دەچێت و زیانێكی گەورەی ئابوورییان پێدەگات.