بانكی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان كە پارەكەیان لە بانكە مۆڵەتپێدراوەكان پارێزراوە و دەڵێت، ناردنی لیژنەی چاودێری بۆ هەر بانكێك بە واتای مایەپووچبوونی ئەو بانكە نایەت.
بانكی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوونەتەوە و باس لە مایەپووچبوونی ژمارەیەك بانك دەكەن.
بانكی ناوەندیی عێراق باس لەوە دەكات، باشترین ستانداردە نێودەوڵەتییەكان لە كەرتی بانكی عێراقدا جێبەجێ دەكەن و هەموو بانكە مۆڵەتپێدراوەكان ئەندامن لە (كۆمپانیای گەرەنتیی سپاردەكان) كە ئەركی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییانە لە كاتی هەر ئەگەرێكی پەككەوتنی بانكەكاندا.
هاوكات بانكی ناوەندی عیراق ئەو دەنگۆیانەش رەتدەكاتەوە كە باس لە هەوڵێك بۆ بەرزكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی دەكەن و ئاماژە بەوە دەكات، نرخە رەسمییەكە وەك خۆی جێگیرە.
بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی ویست بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەكەن، هیچ بنەمایەكی راستییان نییە، تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە دەرنەچووە.
لە راگەیێندراوەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە نرخی ئاڵوگۆڕی رەسمی پەسەندكراو لەلایەن بانكەوە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.
بانكی ناوەندی داواش لە دەزگاكانی راگەیاندن و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكات لە گواستنەوەی هەواڵەكاندا "ورد بن" و بۆ هەر پرسێكی پەیوەندیدار بە سیاسەتی نەختینەیی و نرخی دراو، تەنیا پشت بە سەرچاوە رەسمییەكان ببەستن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی دروستكردنی پشێوی لە بازاڕدا.