سبەینێ‌ وەزارەتی كارەبا بۆ تاوتوێكردنی داشكاندنی قەرزی كۆن كۆدەبێتەوە

کوردستان 10:51 AM - 2026/09/06

بڕیارە سبەینێ‌ وەزارەتی كارەبا بۆ تاوتوێكردنی داشكاندنی قەرزی كۆن و پڕۆژەی ڕووناكی كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجام بدات.
وەزارەتی كارەبای هەرێم  ڕۆژی دووشەممە بۆ تاوتوێكردنی پرسی قەرزی كۆنی كارەبا پێش پڕۆژەی ڕووناكی كۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەك لە وەزارەتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، تا ئێستا زیاتر لە 300 ملیار دینار قەرز دراوەتەوە و بڕیارە ڕاپۆرتێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێت.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە،كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ خستنەڕووی دوایین داتاكانی گەڕانەوەی قەرزی كۆن و پڕۆژەی ڕووناكی دەبێت و پێشبینی دەكرێت تاوەكو 10ی ئەیلول بڕی 100 ملیار دیناری تر  لە قەرزی كۆنی كارەبا بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێتەوە و ڕاپۆرتی كۆتایی وەزارەت دوای 10ی ئەیلول ئامادە دەكرێت و تێیدا بڕی قەرزی لای هاوبەشانی كارەبا بە وردی دیاری دەكرێت.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكیدا ئێستا سەدا 85 ی هاوبەشان 24 سەعات كارەبایان هەیە و بڕیارە تا كۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەكە سەرجەم هاوبەشان بگرێتەوە. سەبارەت بە درێژكردنەوەی وادەی داشكاندنەكە، وەزارەتی كارەبا تەئكیدی كردووەتەوە كە تا ئێستا بڕیارەكە وایە درێژ نەكرێتەوە، چونكە تەنیا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی درێژكردنەوەی هەیە و وەزارەت تەنیا لایەنی جێبەجێكارە.

بڕیاری داشكاندنی قەرزی كۆنی كارەبا لە سێی ئابی رابردووەوە دەستی پێكردووە و بڕیارە تا 10ی ئەیلول كە دەكاتە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت. پڕۆژەی رووناكی تەئكید لەوە دەكاتەوە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ هاوبەشان تا سوودمەند بن لە داشكاندنی قەرزەكانیان پێش ئەوەی پڕۆژە نوێیەكە هەمووان بگرێتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو