دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق، فراوانكردنی هەڵمەتی داخستنی بارەگا و ناوەندەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمی راگەیاند، كە هەریەك لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە.
دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەردەوامن لە ڕێكارە مەیدانییەكانیان بەرامبەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، بۆ ئەو مەبەستەش نووسینگەی باكووری دەستەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چەند هەڵمەتێكی مەیدانییان لەو سێ پارێزگایە ئەنجامداوە و بەهۆیەوە چەندین بارەگا و ناوەندی كۆمپانیاكە داخراون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمە درێژكراوەی ئەو هەڵمەتانەیە كە پێشتر لە بەغداد، كەربەلا، نەجەف، دیوانییە، بابل و چەند پارێزگایەكی تر بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان دژی كۆمپانیاكە گیراونەتەبەر.لە ڕاگەیەندراوەكەدا روونیشیكراوەتەوە، داخستنەكان لە كەركوك گەڕەكی ئەڵماس و شەقامەكانی كۆماری و پارێزگای گرتووەتەوە.
هەروەها لە شاری موسڵ لە بەری چەپ بارەگاكانی گەڕەكی نوور، كۆمەڵگەی ڕۆشنبیری و سۆمەر، لە بەری راستیش ناوچەكانی موسڵی نوێ و دەواسە داخراون، هاوكات هەڵمەتەكە چەند ناوەندێكی لە پارێزگای سەڵاحەدینیش گرتووەتەوە.لە كۆتاییدا دەستەكە تەئكیدی لەوە كردووەتەوە، پرۆسەكانی بەدواداچوونی مەیدانی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئەو ڕێكارانەدایە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان گیراونەتەبەر.