حكومەتی عیراق زیاتر لە سێ‌ ترلیۆن دینار دەخاتە بازاڕەوە

عیراق 09:34 AM - 2026/10/05

عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رۆژی یەكشەممە  سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەكەی كرد و چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد.
كۆبوونەوەكە، بە بەشداریی وەزیری دارایی، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق، سەرۆكی دەستەی راوێژكاران و ژمارەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی بانكە حكومییەكان و نوێنەری بانكە ئەهلییەكان بەڕێوەچوو. تێیدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند دەستپێشخەری و رێكارێك كرا كە ئامانج لێیان بووژاندنەوەی جووڵەی بازاڕ و هاندانی چالاكیی ئابوورییە.

لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی رێگاكانی هاندانی كەرتی ئابووری، بەتایبەتی پیشەسازی، كشتوكاڵ، نیشتەجێبوون، بیناسازی، گەشتوگوزار و خزمەتگوزارییەكان كرا. هەروەها، باس لە دابینكردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەكان كرا، بەشێوەیەك كە ببێتە هۆی زیادبوونی چالاكیی ئابووری، پاڵپشتیی كەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی كار.

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، كۆبوونەوەكە، چەند بڕیار و رێكارێكی جێبەجێكاریی راستەوخۆی لێكەوتەوە، كە بریتین لە:ئاراستەكردنی دەستپێشخەرییەكانی بانكی ناوەندیی عیراق بەرەو كەرتی خانووبەرە و نیشتەجێبوون بە بڕی یەك ترلیۆن دینار، بۆ بووژاندنەوەی ئەو كەرتە و كەرتە ئابوورییەكانی تری پەیوەندیدار،دابینكردنی پارەی كاشی زیاتر بۆ بانكی بازرگانیی عیراق و بانكی پیشەسازی بە بڕی یەك ترلیۆن دینار، بۆ خستنەگەڕی لە پڕۆژە پیشەسازییەكان و پاڵپشتیكردنی چالاكیی بەرهەمهێنان.هاوكات بڕیاریدرا،وەزارەتی دارایی، 500 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەكانی بەڵێندەران خەرج بكات، ئەمەش بۆ ئەوەی پارەی كاشی پێویست بۆ كۆمپانیا و بەڵێندەران بگەڕێتەوە و بەردەوامی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بدرێت و 500 ملیار دیناریش بۆ شایستە داراییەكانی جووتیاران، وەك پاڵپشتییەك بۆ كەرتی كشتوكاڵ و بەهێزكردنی چالاكیی ئابووری لەو كەرتەدا خەرج بكرێت.دواین بڕیاریش   زیادكردنی 500 ملیار دیناری تر بوو  بۆ سندووقی نەوەكان، كە لەگەڵ پارەی ئێستای سندووقەكە كە یەك ترلیۆن دینارە، كۆی گشتی دەبێتە یەك ترلیۆن و 500 ملیار  دینار، ئەمەش توانای سندووقەكە بۆ پاڵپشتیی دەستپێشخەری و پڕۆژەكان زیاتر دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو