پیلانەكانی ئێران بۆ كردەوەی توندوتیژی دژی دیبلۆماتكارانی ئەمریكی، واشنتۆنی ناچار كردووە ڕێوشوێنی ئەمنی توند بگرێتەبەر و كارمەندانی باڵیۆزخانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم بكاتەوە.
بەپێی راپۆرتەكانی هەواڵو بەڵگەنامەیەكی هەواڵگریی ئەمریكا كە لە تشرینی یەكەمی 2026دا ئاشكرا بووە، ئاژانسە ئەمنییەكانی ئەمریكا هۆشدارییان داوە كە پیلانەكانی ئێران بۆ تیرۆركردنی دیپلۆماتكار و لێپرسراوە باڵاكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و دەرەوەی ناوچەكەش گەیشتوونەتە قۆناغی پێشكەوتوو.
ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە لە لایەن جەی كلایتۆن بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریكاوە، لە ڕێگەی یاداشتێكی رەسمییەوە ئاراستەی ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كراون.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم مەترسییە جدییانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاری داوە ئامادەیی دیپلۆماتی خۆی لە چەندین وڵاتی ناوچەكە كەم بكاتەوە. ئەم كەمكردنەوەیە بە شێوەیەكی سەرەكی باڵیۆزخانەكانی ئەمریكای لە چوار وڵاتی عەرەبی گرتەوە كە بریتین لە: ئیمارات، لوبنان، قەتەر، و ئوردن. لەم وڵاتانەدا تەنها كارمەندە زۆر پێویست و فریاگوزارییەكان هێڵدراونەتەوە بۆ ڕاییكردنی كارە بنەڕەتییەكان.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات كە لە هەمان هەفتەدا، واشنتۆن فەرمانی بە خێزان و كارمەندە ناپێویستەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ڕیاز و كونسوڵخانەكانی لە جەددە و زەهران لە سعودیە كرد كە دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن. هۆكاری ئەم كشانەوە خێرایەش بۆ زیادبوونی هێرشە موشەكی و درۆنییەكانی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر ژێرخانەكانی وزە سعودیە دەگەڕێتەوە.