ئۆپێك پڵەس ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەك خۆی دەهێڵێتەوە

عیراق 10:11 AM - 2026/10/05

رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) ،بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی وڵاتانی هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەس بۆ مانگی داهاتو وەك خۆی بهێڵێتەوە و  هیچ گۆڕانكارییەك لە پشكی دیاریكراوی وڵاتانی ئەندامدا نەكرێت.

لە راگەیەندراوێكدا دوای كۆبونەوەی هاوبەشی وڵاتانی ئەندام، ڕێكخراوی ئۆپێك ئاشكرایكرد كە حەوت وڵاتی بەشدار لە هاوپەیمانێتی ئۆپێك پڵەس ڕێككەوتون لەسەر ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمی 2026دا لەسەر هەمان ئاستی مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەم بمێنێتەوە، بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی وزە و رێگریكردن لە شڵەژانی نرخەكان.

هاوكات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە  ئاماژەی بەوەكردووە ،وڵاتانی ئۆپێك پڵەس لە مانگی ئابی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتیان بە بڕی یەك ملیۆن و 460 هەزار  بەرمیل لە رۆژێكدا كەمكردبوەوە بە بەراورد بە مانگی تەمموز، بە جۆرێك كۆی بەرهەمهێنانی رۆژانە گەیشتبووە 33 ملیۆن و 110 هەزار  بەرمیل، كە ئەمەش بە بڕی حەوت ملیۆن و 270 هەزار  بەرمیل كەمتر بوە لەو ئاستەی كە پێشتر وەك ئامانج دیاریكرابو.

ئەم بڕیارە لە كاتێكدا دێت كە بازاڕەكانی وزە لە جیهاندا بەهۆی ناسەقامگیریی جیۆپۆلیتیكی و گۆڕانكارییەكانی خواستی جیهانیی نەوت رووبەڕووی نادڵنیایی بونەتەوە، بۆیە هاوپەیمانێتییەكە پەیڕەوی لە سیاسەتی هێواشكردنەوە و پارێزگاریكردن لە ئاستی ئێستای دابینكردنی نەوتی خاو دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو