عەلی زەیدی: سەركەوتوو بوین لەوەی عیراق لە دابڕانی نێودەوڵەتی دووربخەینەوە

عیراق 09:58 AM - 2026/10/24

عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، توانیویانە عێراق لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی رزگار بكەن؛ هاوكات وادەیەكی بۆ كۆتاییهێنان بە چەكی گرووپە چەكدارەكان دیاری كرد و رایگەیاند، تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی 2027 هیچ چەكێك لە دەرەوەی دامەزراوە ڕەسمییەكان نامێنێت. هەروەك پێشبینی كرد كە بەهای 100 دۆلار لە بازاڕدا بۆ 155 هەزار دینار دابەزێت.

عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی عیراقییە ڕایگەیاند، عیراق لە قۆناغێكی مەترسیداردا بوو، هەڕەشەی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی و داخستن‌و كشانەوەی باڵیۆزخانەكانی لەسەر بووە، بەڵام توانراوە بە گفتوگۆ و هەوڵی دیپلۆماسی وڵات لە گەمارۆ و كێشەی دابڕانی نێودەوڵەتی دوور بخرێتەوە.
دەربارەی پرسی چەك، سەرۆك وەزیرانی عیراق وتی، دۆسیەی سێ گرووپ یەكلاكراوەتەوە و چواری تریش ماون، هەروەها وادەی 30ی حوزەیرانی 2027 وەك دوامۆڵەت دیاریكراوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو چەكێكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بهێنرێت.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە نەمانی هێزی شەڕكەری ئەمریكی كرد و باسی لە لێكتێگەیشتن لەگەڵ توركیا كرد لە ناوچەی باشیك، تەئكیدیشی لە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنیی شنگال لەلایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبی كردەوە.

لەبارەی سنوورەكانی عیراق و ئێران، عەلی زەیدی ڕایگەیاند، داخستنی تەواوەتی سنوری ئێران بە مانای سەپاندنی گەمارۆیە بەسەر خودی عیراقدا و لە بەرژەوەندیی خەڵكدا نییە، هاوكات دوپاتیكردەوە بەغدا ڕێگە نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت.

پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، عەلی زەیدی وتی، میكانیزمی پێشوەختە بۆ چاودێریی گرێبەستە حكومییەكان گیراوەتەبەر و بەبێ جیاوازیی حزبی و تائیفی لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران دەكرێت، هەروەها هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی دەوڵەت لە دەرەوە بەردەوامن.

سەبارەت بەنرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار، عەلی زەیدی وتی، هەڵەكە لە بڕیاری پێشووی دابەزاندنی نرخەكەیدا بوو بۆ 132 هەزار دینار، چونكە سوودەكەی تەنیا بۆ دەڵاڵەكان بوو نەوەك هاووڵاتیان، زەیدی باسی لەوە كرد كە بەهۆی نیگەرانی لە گەیشتنی پارە بە گرووپە چەكدارەكان، ناردنی دۆلاری كاش لەلایەن ئەمریكاوە راگیرابوو، بەڵام دوای دانوستاندنەكان مانگانە بۆ نیو ملیار دۆلار زیادكراوە و كار دەكرێت بڕەكەی زیادبكرێت بۆ یەك تاوەكو دوو ملیار و نیو دۆلار، بەوەش پێشبینی دەكرێ لە قۆناخی داهاتوودا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕدا بۆ 155 هەزار دینار یان كەمتر داببەزێ.

سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت و قەیرانی گەرووی هورمز، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد، بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكەوە هەناردەی نەوت ناجێگیرە، بەڵام ناكرێت عێراق وەك بارمتەی یەك دەروازەی هەناردەكردن بمێنێتەوە، بۆیە كار بۆ راكێشانی تۆڕێكی فرەلایەنی بۆرییەكانی نەوت، بەكارهێنانی تانكەر و كاراكردنەوەی بۆریی جەیهان دەكەین." هاوكات باسی لەوەش كرد، پشكی داهاتی نانەوتی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لە 8٪ـەوە بۆ نزیكەی 19٪ بەرزكراوەتەوە و ئامانج ئەوەیە بگاتە 30٪، هەروەها پلان دانراوە تاوەكو ساڵی 2032 توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

پەیوەست بە پرسی نیشتەجێبوونیش وتی: "حكومەت یەك ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون بەخۆڕایی و بە سەنەدی تاپۆوە بەسەر ئەو خێزانە عێراقییانەدا دابەش دەكات كە هیچ موڵكێكیان نییە. زەوییەكانیش بە تەواوی خزمەتگوزارییەكانی ئاو، ئاوەڕۆ، كارەبا، شەقام، نەخۆشخانە و قوتابخانەوە دەدرێن تاوەكو هاووڵاتی راستەوخۆ دەست بە دروستكردنی خانوو بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو