دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران بەبێ‌ رێككەوتن كۆتاییهات

عیراق 10:01 AM - 2026/04/12

هەمووان چاوەڕێی راگەیاندنی رێككەوتن بوون لە نێوان ئەمریكا و ئێران و كۆتایهێنانی هەمیشەیی بەو جەنگەی كە رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتوەتەوە ، بەڵام دوای 21 سەعات لە گفتوگۆكردن، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا شكستی دانوستاندنەكانی لەگەڵ ئێران لە پاكستان راگەیاند و وتی، واشنتۆن چاوەڕێی وەڵامی تاران دەكات بۆ دوایین پێشنیاری وڵاتەكەی پێش دەستپێكردنەوەی هێرشەكان.

باسی لەوەشكرد، دانوستاندنەكانیان لەگەڵ ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان شكستیان هێناوە و نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن،بەڵام باشترین و دوایین پێشنیاری واشنتۆنیان پێشكەشی تاران كردووە و ئێستا چاوەڕێی بڕیاری ئێرانییەكان دەكەن.

جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕوونی كردەوە ،خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكان پرسی چەكی ئەتۆمییە.

لە كاتێكدا ئێران تەئكید دەكاتەوە كە بەدوای بۆمبی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام ئەمریكا و ئیسرائیل لەو جەنگەی لە 28ی شوباتەوە دەستیپێكردووە و هەروەها لە ساڵی رابردووشدا، چەندین جار دامەزراوە هەستیارەكانی ئەو وڵاتەیان بۆردوومان كردووە.بە وتەی ڤانس، پێویستە واشنتۆن بەڵێنێكی پشتڕاستكەرەوە ببینێت كە ئێران بەدوای چەكی ئەتۆمیدا ناگەڕێت.

هەروەها داوای كردووە تاران واز لەو ئامرازانەش بهێنێت كە توانای پێ دەدەن بە خێرایی ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەمەش وەك مەرجێكی بنەڕەتی بۆ هەر رێككەوتنێك لەقەڵەم دراوە.

هاوكات ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەكەی راگەیاند،لەكەشێكی پڕ گومان و بێمتمانەدا دانوستانیان كردووە و تاوتوێی  رەشنووسە 10 خاڵییەكەی ئێران و پلانە 15 خاڵییەكەی ئەمریكا  كردووە و لەسەر ژمارەیەك پرس لێكگەیشتن هەبووە، تەنها لەسەر 3 پرس ناكۆك بوون.

ئەمەش لە كاتێكدایە واشنتۆن هەشتی ئەم مانگە رایگەیاندبوو، بۆ ماوەی 2 هەفتە هێرشە هاوبەشەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رادەگرن، بەئامانجی پێدانی دەرفەت بە هەوڵە دیبلۆماسییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر پێش تێپەڕبوونی ئەو وادەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو