شەڕی بەردەوامی سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا كە پێیناوەتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە، بووەتە هۆی برسێتییەكی بەرفراوان و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس، هەروەها بووەتە یەكێك لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەكانی جیهان، بەجۆرێك راپۆرتێك لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراوی ناحكومییەوە بڵاوكراوەتەوە،
دەریخستووە ملیۆنان كەس لە سودان رۆژانە تەنها یەك ژەمی نانخواردنیان هەیە، لەكاتێكدا قەیرانی خۆراكی وڵاتەكە خراپتر دەبێت و ترسی بڵاوبوونەوەی زیاتر دەبێت.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لەو دوو ناوچەیەی زۆرترین زیانی ململانێیان لەسەرە دارفۆری باكوور و كۆردۆفانی باشوور، كە ملیۆنان خێزان رۆژانە تەنها یەك ژەم دەخۆن، یان زۆرجار، بۆ ماوەی رۆژێكی تەواو بەبێ هیچ خواردنێك دەمێننەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆرێك لەپێناو مانەوەیان پەنایان بۆ خواردنی گەڵا و خۆراكی ئاژەڵان بردووە.
بەپێی پلانی پێداویستییە مرۆییەكان و وەڵامدانەوەی ساڵی 2026، نزیكەی لەسەدا 61 پۆینت 7 ی دانیشتوانی سودان بەدەست نائاسایشی توندی خۆراكەوە دەناڵێنن.
لە مانگی شوباتدا، پۆلێنكردنی قۆناغی ئاسایشی خۆراكی یەكگرتوو، كە چاودێری جیهانی چاودێری برسێتییە و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پشتگیری دەكرێت، گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئاستی بەدخۆراكی توند، ستانداردەكانی برسێتی لە چەند ناوچەیەكی سودان تێپەڕاندووە.
راپۆرتەكە لەسەر بنەمای چاوپێكەوتن لەگەڵ جووتیاران و كاسبكاران و كارمەندانی فریاگوزاری مرۆیی لە ناوخۆی سودان، بە وردی باس لەوە دەكات چۆن شەڕی بەردەوامی ئەو وڵاتە، دانیشتووانی برسی كردووە، لە ئەنجامی پەكخستنی كشتوكاڵ، هەروەها بەكارهێنانی برسێتی وەك چەكی جەنگ، لەوانەش لەناوبردنی بە ئەنقەستی كێڵگە و بازاڕەكان.
ئەوەی دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە حكومەتی سودانە، كە رەتیدەكاتەوە برسێتی لەو وڵاتەدا هەبێت، هاوكات هێزەكانی پاڵپشتی خێرا رەتیدەكەنەوە بەرپرسیارێتی ئەو بارودۆخانە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بگرنە ئەستۆ.