لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق پەیامی هەیە و دەڵێت، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا گەلی كوردی ئاشتیخوازمان رووبەڕووی قێزەونترین شێوەی كوشتن و ئەشكەنجە بوونەوە. دەشڵێت، بە خەمێكی قووڵ و بەبیرهێنانەوەیەكی پڕ لە ئازارەوە یادی 38 ساڵەی ئەو تاوانە رەگەزپەرستانە دەكەینەوە.
لە پەیامێكیدا لە پەڕەی خۆی لە پلاتفۆڕمی "ئێكس" محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی نووسیویەتی، بە خەمێكی قووڵ و بەبیرهێنانەوەیەكی پڕ لە ئازارەوە یادی 38 ساڵەی ئەو تاوانە رەگەزپەرستانە دەكەینەوە، كە لە لایەن رژێمی دیكتاتۆری لە ناوچوو و باندە تاوانكارییەكانیەوە دژ بە رۆڵەكانی گەلی كوردمان لە "شاڵاوە دڕندەكانی ئەنفال"ـدا ئەنجام دران.
نووسیویشیەتی، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و پێش زیاتر لە سێ دەیە گەلی كوردی ئاشتیخوازمان لە شار و شارۆچكە و گوندەكان رووبەڕووی قێزەونترین شێوەی كوشتن و ئەشكەنجە بوونەوە، بەدەر لە هەموو بەها و داب و نەریت و یاساكان.
محەمەد شیاع سودانی تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، لەگەڵ یادكردنەوەی ئەم شاڵاوە تاوانكارییە لە دژی رۆڵەكانی گەلی كوردمان، ئەمڕۆ شانازی بە یەكڕیزی وڵاتەكەمان و برایەتی پێكهاتە و نەتەوە هەمەچەشنەكانیەوە دەكەین، لە چوارچێوەی سیستەمێكی دیموكراسی و دەستووری و فرەییدا، كە هەموو عیراقییەكان بە شكۆمەندی و ئازادی و بەبێ هیچ جیاوازی و بەئامانجگرتنێك لە سایەیدا دەژین.
لەكۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆك وەزیرانی عیراق نووسیویەتیی، درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی عیراق و شەرمەزاری و رووڕەشی بۆ ستەمكاران و تاوانباران و بكوژان.