دوو كەشتی گەمارۆی ترەمپیان بۆ سەر گەرووی هورمز شكاند

عیراق 12:11 PM - 2026/04/14

 سەرەڕای هەڕەشە توندەكانی واشنتۆن و جێگیركردنی هێزە دەریاییە گەورەكانی ئەمریكا، دوو كەشتیی نەوتهەڵگری سزادراو كە پەیوەندییان بە ئێران و روسیاوە هەیە، گەرووی هورمزیان بڕی و ئاستەنگییان بۆ كاریگەریی گەمارۆكە دروست كرد.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز ، كەشتییەكی نەوتهەڵگری چینی بە ناوی ریچ ستار  كە پێشتر بەهۆی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران لەلایەن ئەمریكاوە سزا درابوو، بووە یەكەم كەشتی كە دوای سەپاندنی گەمارۆ دەریاییەكەی واشنتۆن بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ بێت.

ئەم كەشتییە بارەكەی لە بەندەری (حەمرییە)ی ئیمارات بار كردووە و بە بێ گوێدانە هۆشدارییەكان، بەرەو دەرەوەی ناوچەی كەنداو بەڕێ كەوتووە.هاوكات لەگەڵ كەشتییە چینییەكە، كەشتییەكی تری نەوتهەڵگری سزادراو بە ناوی مۆر لیكشان  كە پێشتر كاری گواستنەوەی نەوتی روسیا و ئێرانی كردووە، بەرەو ناو گەرووی هورمز چووە . 

ئەم پەرەسەندنانە ئاڵۆزییەكی نوێ دەخەنە بەردەم هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا كە بۆ چاودێریكردنی گەمارۆكە لە ناوچەكەدا جێگیر كراون. ئەم جووڵانە نیشانی دەدەن هەندێك لایەن و وڵات ئامادەن سەرەڕای هەڕەشە توندەكانی دۆناڵد ترەمپ، گەمارۆ دەریاییەكان بشكێنن و بەردەوام بن لە بازرگانییە دەریاییەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لەلایەن واشنتۆنەوە سزادراون، ئەمەش وەك تەحەدایەكی كردەیی بۆ بڕیارەكانی كۆشكی سپی هەژمار دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو