نەتەوە یەكگرتووەكان:هیچ وڵاتێك مافی داخستنی گەرووی هورمزی نییە

عیراق 12:29 PM - 2026/04/14

نەتەوە یەكگرتووەكان:هیچ وڵاتێك مافی داخستنی گەرووی هورمزی نییە سكرتێری گشتیی رێكخراوی دەریایی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان  هۆشداری لە داخستنی گەرووی هورمز دەدات و دەڵێت، هیچ وڵاتێك مافی ئەوەی نییە رێگری لە هاتووچۆی كەشتییەكان لە گەرووەكە بكات و وەرگرتنی باجیش لەلایەن ئێرانەوە پێشینەیەكی مەترسیدارە و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

 ئارسینیۆ دۆمینگێز سكرتێری گشتیی رێكخراوی دەریایی نێودەوڵەتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، هیچ وڵاتێك مافی ئەوەی نییە ، رێگری لە تێپەڕبوونی سەلامەت  یان ئازادیی كەشتیوانی دەریایی لە گەرووە نێودەوڵەتییانەدا بكات كە بۆ ترانزێتی جیهانی بەكاردێن.

سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەكانی ئێراندا، دۆمینگێز وتی: ئەمە دۆخەكە ئاسانتر ناكات،كەمكردنەوەی گرژییەكان تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات چارەسەری قەیرانەكە بكەن و هاتووچۆی كەشتییەكان ئاسایی بكەنەوە. راشیگەیاند، ئەو هەنگاوەی ئێران بۆ وەرگرتنی پارە لە كەشتییەكان لە بەرامبەر رێگەپێدان بە تێپەڕبوونیان، پێشینەیەكی مەترسیدار دروست دەكات و دژی یاسای دەریاكان و یاسا دابونەریتییەكانە.

ئەم پەرەسەندنە نوێیانە ترسی ئەوەیان دروست كردووە، ناوچەكە بەرەو قۆناغێكی توندتر لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بچێت، بەتایبەت گەرووی هورمز كە یەكێكە لە هەستیارترین رێڕەوەكانی جیهان و ژیانی هەزاران دەریاوانی بیانی لەو ناوچەیەدا كەوتووەتە مەترسییەوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو