د. خالید شوانی: خەرجكردنی مووچە بۆ ئێمە لێگەڕێن

عیراق 11:09 AM - 2026/05/28

د.خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق دەڵێت، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی، بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، دەبێت هەرێمی كوردستان سەدا 50ـی داهاتی نانەوتی كە 120 ملیار دینارە تەسلیم بكات، ئێستا ئەو بڕە پارەیە بە هەرێمی كوردستان دابین ناكرێت، چونكە دەڵێن داهاتی خاڵە سنوورییەكان كەمیكردووە.

د. خالید شوانی دەشڵێت، وەزیری دارایی نوێی عیراق كۆمەڵێك رێوشوێنی دارایی گرتووەتەبەر كە دەبێت ئەو بڕە پارەیە 120 ملیار دینار بێت، بەڵام ئەوە نابێتە كێشەیەكی گەورە و دەكرێت لەناو ئەنجومەنی وەزیران چارەسەری بكەین، بەپێی یاساكان دەبێت سەدا 50ـی داهاتی ناوخۆ بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بێت، بۆیە دەبێت بەپێی راپۆرتەكانی چاودێریی دارایی هەردوولا ئەو رێژەیە دیاری بكرێت كە چەندە و دواتر لەناو ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت.

د.خالید شوانی تەئكید دەكاتەوە، ئەگەر پابەندی هەبێت بەو رێككەوتنەی پێشتر كراوە، مووچەی فەرمانبەران دواناكەوێت، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێبكات، باقییەكەی تری ئیشی ئێمەیە بتوانین مووچە دابین بكەین. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو