ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشێوەیەكی رەسمی زانیارییو داتای نەبیستراو لەبارەی مەلەفی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرادەكاتو دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی كوردستان بازدانی پێوانەیی تۆماركردوەو گەیشتوەتە 650 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا.
ڕیاز تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داتاو زانیاریی نوێی لەسەر قەبارەی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاشكراكردو رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەكێڵگەكانی هەرێمی كوردستان ئێستا گەیشتوەتە 650 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا وئەمەش ژمارەیەكی زۆر بەرزەو پێشتر بەرەسمی ڕانەگەیاندرابوو.
هاوكات تەئكیدی لەوەشكرد، حكومەتی هەرێم لەژێر گوشارەكاندا بەناچاریی، ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی كۆمپانیایەكی پسپۆڕی ئەمریكی چاودێریی تەواوی هەناردەو فرۆشتنی نەوتەكەی بكات.
ڕیاز تەمیمی ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی بەدواداچونە تەكنیكیو داراییەكانیان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم، ئێستا گەیشتوەتە لوتكەیەكی نوێ كە ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیلە، ئەم پێشهاتەش لەكاتێكدایە كە پێشتر لەگفتوگۆكانی بودجەو هەناردەكردندا، باس لەبڕی زۆر كەمتر كراوە، ئەمەش دەبێتە مەلەفێكی قورس لەسەر مێزی گفتوگۆكانی داهاتوی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
بەوتەی ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان، هەرێمی كوردستان دوای زنجیرەیەك گوشاری قورسی یاساییو دارایی لەلایەن بەغداو دادگای فیدراڵییەوە، دواجار بەناچاری قبوڵیكردوە ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیە ئەمریكیە جێگیربكرێت بۆ وردبینی و چاودێریكردنو دۆكیۆمێنتكردنی تەواوی پڕۆسەی هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتی كوردستان، تا دڵنیایی بدرێتە بەغدا كە داهاتەكان بەڕونی تۆماردەكرێن.