بەهۆی بێبەشبوونیان لەوەرگرتنی بەشەنەوتی ئەمساڵ نزیكەی 600 خێزانی خورماتوو بەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا، دوای گەیاندنی پەیامەكانیان بەهەوڵی نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پارێزگای سەڵاحەدین كێشەی ئەو خێزانانە چارەسەركرا كە لە سیستمی بەشە نەوتی ساڵانەدا بێبەش كرابوون.
لەوبارەیەوە، یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، رایگەیاند دەستبەجێ و دوای ئاگاداربوونمان لە كێشەی ئەو 600 خێزانە،لە رێگەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، كێشەكەمان بۆ چارەسەر كردن.
وتیشی، كێشەی ئەو خێزانانە لەوەدا بوو كە بەهۆی كارتی نیشتمانی و شوێنی لەدایكبوونیان لە شارەكانی وەك سلێمانی و هەولێر وكەلار و قادركەرەم و ناوچەكانی تر، ناویان لە سیستەمەكەدا نەگەڕابوەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە رێگەی ئەو ئەپڵیكەیشنەی كە بۆ وەرگرتنی بەشە نەوت دانراوە، كێشەی هاووڵاتیان چارەسەركرا وە و ئەو خێزانانەی كە پێشتر مافی وەرگرتنیان نەبوو، ئێستا ناوەكانیان چالاك بووەتەوە و دەتوانن بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن.