كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی،هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر بە هێرشی درۆنی وەسفدەكات و دەڵًێت ، تا ئەو كاتەی زیانە ماددیەكان دەزانرێت و سەلامەتی دەستەبەر دەكرێت ، بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە رادەگرن.
كۆمپانیای دانە غاز ڕوونكردنەوەیەكی گرنگی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی كێڵگەی غازی كۆرمۆر بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد،شەوی هەشتی تشرینی دووەمی 2026، دامەزراوەی غازی كۆرمۆر رووبەڕووی هێرشێكی گوماناوی بووەتەوە كە پێدەچێت لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجام درابێت.
بەپێی روونكردنەوەكە،ئەم هێرشە بووەتە هۆی ئاگركەوتنەوەیەكی گەورە لە نێو دامەزراوەكەدا، بەڵام توانراوە ئاگرەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت و بكوژێندرێتەوە. بەپێی راپۆرتی سەرەتایی كۆمپانیاكە، هیچ زیانێكی گیانی یان برینداربوون لە نێو كارمەند و ئەندامانی تیمی كێڵگەكەدا نەبووە.
سەبارەت بە پرۆسەی بەرهەمهێنانیش، دانە غاز ئاماژە بەوە دەكات ، ئێستا بەرهەمهێنانی غاز بە شێوەیەكی كاتی راگیراوە، ئەمەش وەك ڕێكارێكی سەلامەتی پێویست تا ئەو كاتەی تیمە ئەندازیارییەكان بە تەواوی هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانە ماددییەكان دەكەن و دڵنیا دەبنەوە لە سەلامەتی گەڕانەوەی كارەكان.
بەپێی روونكردنەوەكەی دانە غاز، راگرتنی بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیەدا كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر دابینكردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ، كە پێشتر ببووە هۆی كەمبوونەوەی كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی