وەزارەتی نەوتی عیراق پابەندبوونی تەواوی خۆی بە سنووری بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی هاوپەیمانیی (ئۆپێك پڵەس) كە بە چوار ملیۆن و 431 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دیاریكراوە راگەیاند. ئاشكراشی كرد كە كار دەكات بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو پشكەكەی بەپێی توانای بەرهەمهێنانی بەرز بكرێتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا روونیكردەوە، سەرەڕای ئاڵۆزییەكانی ئێستای ناوچەكە و بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمز، وڵاتەكە سوورە لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو، بە مەبەستی دابینكردنی داهاتی پێویست بۆ بودجەی گشتیی فیدراڵی تاوەكو حكومەت بتوانێت پابەندییە داراییەكانی جێبەجێ بكات.
بەپێی راگەیەندراوەكە، عیراق لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبكاتەوە و لە توانایدایە زۆر زیاتر لەو پشكەی ئێستا دیاریكراوە نەوت بەرهەمبهێنێت، سەرەڕای بەردەوامیی پلانەكانی بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان و زیادكردنی تواناكانی لە ساڵانی داهاتوودا.
وەزارەتی نەوت باسی لەوە كردووە، سەرەڕای ئەو توانایە، بەغدا بە تەواوی پابەندی سنووری بەرهەمهێنانی رۆژانەی چوار ملیۆن و 431 هەزار بەرمیل دەبێت لە چوارچێوەی بڕیارەكانی هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەس، هاوكات بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ زیادكردنی ئەم پشكە لە ساڵی داهاتوودا بە جۆرێك لەگەڵ گەشەی تواناكانیدا بگونجێت.
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، لەلایەن كۆمپانیایەكی راوێژكاریی نێودەوڵەتییەوە كە لەلایەن رێكخراوی ئۆپێكەوە راسپێردراوە، پرۆسەی هەڵسەنگاندنی ئەوپەڕی توانای بەرهەمهێنانی بەردەوام بۆ سەرجەم وڵاتانی ئەندام بەڕێوەدەچێت.
عیراق چاوەڕوانە ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنە ببێتە هۆی پێداچوونەوە بە پشكی وڵاتەكە لە ئۆپێك پڵەس، تاوەكو رەنگدانەوەی توانای راستەقینەی بەرهەمهێنان، تایبەتمەندییە ئابوورییەكانی و ئەو هەلومەرجە نائاساییە بێت كە لە ساڵانی رابردوودا پێیدا تێپەڕیوە.