شەوی رابردوو ئاسمانی شارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بە تەواوی چڕ بووەوە لە هەورە بروسكە و بارانێكی بەخوڕی بێوچان بە لێزمە بەخۆوە بینی. ئەم شەپۆلە توندەی كەشوهەوا، كە مەترسی لافاو و ئاستەنگی هاتووچۆی لەگەڵ خۆیدا هێنا، وایكرد وەزارەتی پەروەردە و پارێزگارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، بۆ پاراستنی گیانی خوێندكاران زنجیرەیەك بڕیاری بەپەلە بۆ ڕاگەیاندنی پشوو دەربكەن.
لە كاتێكدا كە پارێزگای هەولێر، كەركوك، زیقار و سەڵاحەدین بەهۆی بەرز بوونەوەی ئاستی ئاو دروستبوونی لافاوەوە، بە تەواوی دەرگای خوێندنگاكانیان بەرووی خوێندكاراندا داخست ، لە پارێزگاری سلێمانیش بە ڕاوێژ و هەڵسەنگاندنی دۆخی رێگاوبانەكان بڕیاردرا، لە ناوەندەكانی خوێندن و باخچەی ساوایان پشووی رەسمی بێت.لەوبارەیەوە د. هەڤاڵ ئەبوبەكرپارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەسەر داواو راوێژی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەكانی ترو، لە پێناوی سەلامەتی خوێندكاراندا، بڕیارماندا؛ رۆژی یەك شەممە لە سەرجەم باخچەكانی ساوایان و خوێندنگا حكومیی و ناحكومییەكانی سنوری بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانیدا؛ پشوو بێت.
لە چەمچەماڵیش، خوڕەی بارانەكە و كۆبوونەوەی ئاو لە شەقامە سەرەكییەكاندا بووە هۆی كەمبوونەوەی چاوڕوونی و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر هاتوچۆی پاسی خوێندكاران . كارگێڕی ناوچەكە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، بەهۆی تایبەتمەندی جوگرافی و مەترسییەوە، بڕیاریاندا كە بۆ ئەمڕۆ پرۆسەی خوێندن ڕابگرن تا منداڵان لە هەر مەترسییەك بەدوور بن.
هاوكات لە قەزای دەربەندیخانیش، دیمەنەكە هاوشێوە بوو. نزیكیی قەزاكە لە بەنداوەكە و سروشتی شاخاویی ناوچەكە، كە هەمیشە لە كاتی بارانی تونددا مەترسی داڕمانی بەرد و لافاوی لێدەكرێت، وایكرد بەرپرسانی پەروەردەی دەربەندیخان دەسەڵاتی خۆیان بەكاربهێنن و ڕایبگەیەنن كە بەهۆی تێكچوونی ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شار و گوندەكان، ناوەندەكانی خوێندن دەكرێنە پشوو.