لە ئەنجامی رووخانی پردی پشتێنەیی خورماتوو لەسەر ڕێگای سەرەكیی نێوان هەرێمی كوردستان- بەغداد، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە، زیانێكی گەورەی ماددی بە هاووڵاتییان و شۆفێران گەیشتووە. لەم چوارچێوەیەدا، شۆفێرێكی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە بارهەڵگرەكەی كەوتووەتە ناو لافاوەكەوە، داوای قەرەبووكردنەوە دەكات و هاووڵاتییانیش داوای چاككردنەوەی بەپەلەی رێگاكە دەكەن.
شۆفێری ئۆتۆمبیلی بارهەڵگرەكە دەڵێت، بەهۆی نەبوونی ئاگاداریی پێشوەختە و رووخانی پردەكە، ئۆتۆمبێلەكەی كەوتووەتە ناو ئاوو زیانی ماددیی زۆری لێكەوتووە. ناوبراو مەزەندە دەكات كە قەبارەی زیانەكانی نزیكەی 150 ملیۆن دینار دەبێت، كە نرخی بارهەڵگرەكە و كاڵاكانی ناوی دەگرێتەوە. ئەو داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە بە زووترین كات قەرەبووی بكەنەوە، چونكە ئەم رووداوە بەهۆی كەمتەرخەمی لە چاودێریكردن یان نوێكردنەوەی ژێرخانی رێگاكە رووی داوە.