بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان لەسەر پێشنیارە یاسای بەخشینی مۆڵەتی 5 ساڵ بە فەرمانبەران كۆببێتەوە، كە بەپێی ڕەشنووسەكەی فەرمانبەرانی عیراقو هەرێمی كوردستان دەتوانن بۆ ماوەی پێنج ساڵ مۆڵەت وەربگرنو لەو ماوەیەشدا مووچەی بنەڕەتیان بۆ خەرج دەكرێت.
بەپێی خشتەی كاری ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ سەعات دووی دوانیوەڕۆ ئەنجومەنەكە دوای سوێندخواردنی دەستووری بۆ هەندێك لە پەرلەمانتارە جێگرەوەكان، دەنگ لەسەر پێشنیارە یاسای هەمواركراوی سێیەمی یاسای یەكێتی مافپەروەرانو پێشنیارە یاسای بەخشینی مۆڵەتی درێژخایەن بە فەرمانبەران دەدات.
دوایین رەشنووسی پڕۆژە یاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەن بە فەرمانبەران لە چەند ماددەیەك پێكهاتووە، بەپێی ماددەی یەكەم: وەزیری تایبەتمەند، یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، یان پارێزگار بۆی هەیە، مۆڵەتێكی پێنج ساڵی بە مووچەی بنەڕەتی بدات بە فەرمانبەری هەمیشەیی كە لانیكەم یەك ساڵ خزمەتی هەبێتو دەتوانرێت مۆڵەتەكە درێژ بكرێتەوە. بەڵام لیژنەی یاسایی پێشنیاری كردووە، فەرمانبەر لانی كەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێتو بتوانێت بۆ جارێكی تر مۆڵەتەكە نوێ بكاتەوە واتە بیكات بە 10 ساڵ. لە پێنج ساڵی یەكەمدا مووچەی بنەڕەتی تەواو وەردەگرێت، لە پێنج ساڵی دووەمدا نیوەی مووچەی بنەڕەتی وەردەگرێت.
بەپێی مادەی دووەم: وەزیری تایبەتمەند بۆی هەیە مۆڵەتی بێ مووچە بدات بە فەرمانبەر بۆ ماوەی یەك ساڵ و زیاتر، بەمەرجێك لانیكەم یەك ساڵ خزمەتی هەبێت. وەك لە مادەی سێیەمیشدا هاتووە: ماوەی مۆڵەتەكە بە خزمەت هەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی خانەنشینی، بەمەرجێك فەرمانبەر پشكی خانەنشینی بدات، یان پێشینەی خانەنشینی لەسەر ئەم ماوەیە نادرێت، تەنها لە كاتی خانەنشینبووندا هەژمار دەكرێت. بەڵام لیژنەكە پێشنیاری كردووە فەرمانبەر دەبێت هەردوو پشكی خانەنشینی بدات هی خۆی و هی فەرمانگەكە.
بەپێی ماددەی چوارەم: ئەو بڕوانامەیەی فەرمانبەر لە كاتی مۆڵەتەكەدا بەدەستی دەهێنێت، لە ڕووی وەزیفییەوە هەژمار ناكرێت. مادەی پێنجەم: فەرمانبەر لە ماوەی مۆڵەتەكەدا بۆی هەیە لە كەرتی تایبەت كار بكات، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەری دەكات. مادەی شەشەم: ئەوانەی پێش دەرچوونی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێنج ساڵەیان وەرگرتووە، دەتوانن داوای سوودمەندبوون لەم یاسایە بكەن و ماوەكەیان بۆیان هەژمار بكرێت.
هەروەها بەپێی مادەی حەوتەم: فەرمانبەرانی گرێبەست (سوودمەند دەبن لەم یاسایە، وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ پاراستنی مافەكانیان دەردەكات، بەڵام لیژنەكە داوای سڕینەوەی ئەم ماددەیە دەكات.
هۆكاری دەرچوونی یاساكە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و رەخساندنی دەرفەت بۆ فەرمانبەران و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی دەوڵەت دەگەڕێتەوە، لەگەڵ پەسەندكردنی یاساكە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوەو لێی سوودمەند دەبن .