دانیمارك بەنیازە هێزێكی نوێ‌ بە بەشداری 180 هەزار سەربازی یەدەگ دروست بكات

عیراق 11:04 AM - 2026/05/31

میكایل هۆڵدیگارد فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی دانیمارك، پێشنیاری پێكهێنانی هێزێكی نوێی كۆكردنەوەی یەدەگی كردووە كە ڕێگە بە بانگهێشتكردنی نزیكەی 180 هەزار سەربازی یەدەگ دەدات لە ئەگەری روودانی شەڕدا.

میدیاكانی دانیمارك بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە نهێنییەكانی وەزارەتی بەرگری بڵاویكردەوە،لە ئەگەری روودانی شەڕ، دانیمارك دەبێ بتوانێت 180 هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشت بكات، ئەمە ئامانجی هێزە چەكدارەكانە و ئەمەش راسپاردەی فەرماندەی گشتی میكایل هۆڵدیگاردە، كە دەیەوێت هێزێكی یەدەگی نوێ بۆ كۆكردنەوە دروست بكات.

بەپێی بەڵگەنامەكان، پێشبینی دەكرێت پێكهاتە نوێیەكە لە دوو بەش پێكبێت. ئەوانەی كەوتوونەتە ژێر خزمەتی سەربازییەوە دوای تەواوكردنی خزمەتەكەیان بۆ ماوەی 10 ساڵ، لە یەدەگی بەناو ئۆپراسیۆن دەمێننەوە. لەم ماوەیەدا رەنگە جارێك بانگهێشت بكرێن بۆ راهێنان و نوێكردنەوەی كارامەییەكان. دوای تەواوكردنی خزمەتە 10 ساڵەكەی، دانیماركییەكان دەگوازرێنەوە بۆ یەدەگێكی تر، لەوێ دەمێننەوە تا دەگەنە تەمەنی 65 ساڵ.

بەپێی خەمڵاندنەكانی بەرگری دانیمارك، جێبەجێكردنی سیستەمی نوێی وەرگرتنی سەربازی رێگە بە پێكهێنانی  هێزێكی یەدەگ دەدات كە نزیكەی 40 هەزار سەربازی تێدابێت تا ساڵی2040.

بەپێی خەمڵاندنی میدیاكان،پلانی زیادكردنی ژمارەی دامەزراوانی نوێ نزیكەی چوار ملیار دۆلاری تێدەچێت بۆ وەزارەتی بەرگری دانیمارك.

هۆڵدیگارد پێشنیاری دامەزراندنی  شەش هەزارو 500  كەس دەكات لە ساڵی 2030 ەوە ، ئەم ژمارەیەش تا ساڵی 2033 بۆ 10 هەزار كەس بەرز دەبێتەوە، كە نوێنەرایەتی یەك لە هەر شەش هاووڵاتی دانیماركی دەكات و دواتر تا ساڵی 2035 بۆ 13 هەزار كەس، كە نوێنەرایەتی یەك لە هەر پێنج هاووڵاتی دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو