عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشێكی توندی كردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، و تۆمەتباری كرد بەوەی كە هەوڵدەدات ئەمریكا پەلكێشی ناو شەڕێكی نوێ و ماڵ وێرانكەر بكات لە ناوچەكەدا.
عراقچی لە پەیامێكدا لە پلاتفۆرمی ئێكس نوسیوێتی، ناتانیاهۆ هیچ گوێ بە دەرئەنجامە مەترسیدارەكانی ئەم شەڕە نادات، نە بۆ ئیسرائیل و نە بۆ ئەمریكا، بەڵكو تەنها یەك ئامانجی شەخسی هەیە، ئەویش بەردەوامبوونی ململانێ سەربازییەكانە بۆ ئەوەی خۆی لە سزادان و زیندانی بوون دوور بخاتەوە، بەهۆی ئەو دۆسیە یاسایی و گەندەڵییانەی كە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا لەسەریەتی. هاوكات عراقچی هۆشداری توندی دایە تەلئەبیب لە ئەنجامدانی هەر هێرشێكی نوێ بۆ سەر خاكەكەی و رایگەیاند ،هێزە چەكدارەكانی ئێران ئەرك و پلانی خۆیان هەیە كە هێشتا تەواویان نەكردووە.
ئەم لێدوانە توندەی وەزیری دەرەوەی ئێران وەك وەڵامێك بوو بۆ لێدوانەكانی ناتانیاهۆ، كە دوای وەرگرتنی پشتگیرییەكی بێ مەرج و تەواو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئیسرائیل، بەڵێنی دابوو كە پێكەوە ئەركەكە تەواو دەكەن.
ناتانیاهۆ رایگەیاندبوو،هاوبەشییەكەی لەگەڵ واشنتۆن بەردەوام دەبێت بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ئەو مەترسییانەی كە لەلایەن ئێران و گرووپە چەكدارەكانەوە دروست دەكرێن، بە تایبەت دۆسیەی ئەتۆمی، و هیوای خواست كە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا یان زووتر ئەم ئامانجە بپێكن.
ئەم ململانێیە لە كاتێكدایە كە ناتانیاهۆ لە ناوخۆی ئیسرائیلدا رووبەڕووی كێبڕكێیەكی توندی سیاسی بووەتەوە لەگەڵ گادی ئایزنكۆتی ڕكابەری، ناتانیاهۆ لە ماوەی رابردوودا وڵاتەكەی لەژێر ناوی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەوڕووی چەندین ململانێی بردووە، دیارترینیان شەڕی ئێرانە بە هاوبەشی لەگەڵ واشنتۆن، كە لە مانگی شوباتەوە دەستیپێكردووە.
ڕاپرسییەكانیش ئەوە دەردەخەن كە هەڵبژاردنەكان شاهیدی كێبڕكێی توندی نێوان ناتانیاهۆ و ڕكابەری سەرەكییەكەی، گادی ئایزنكۆت دەبێت، چونكە هەڵوێستی ترەمپ لە پاڵپشتیكردنی كاندیدێك بەسەر كاندیدەكانی تر لە ئیسرائیل ئیدانە دەكەن .
ناتانیاهۆ كە لە 21ی ئۆكتۆبەردا تەمەنی دەبێتە 77ساڵ، زیاتر لە 19 ساڵ لە ماوەی پچڕپچڕدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی وەرگرتووە .