عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت،حكومەت كار بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات بۆ 10 ملیۆن بەرمیل تا ساڵی 2030.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،عەلی زەیدی لە پارێزگای ئەنبار كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداوە كە پارێزگار و جێگرەكانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و نوێنەرانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری خزمەتگوزارییەكان، وەزیری كارەبا تێیدا ئامادەبوون.
بەپێی راگەیەندراوەكە، زەیدی تەئكیدی كردووەتەوە لەوەی هەموو ئەو داواكاری و پێداویستیانە بەرز دەنرخێنێت كە لەلایەن ئەندامانی حكومەتی خۆجێی و نوێنەرانی خەڵكەوە دەگەیەنرێن،هاوكات ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا كردووە، كە بووەتە هۆی دواكەوتنی پرۆسەی گەشەپێدان لە سەرتاسەری وڵاتدا.
زەیدی ڕوونیشیكردووەتەوە،حكومەت كار بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات بۆ 10 ملیۆن بەرمیل تا ساڵی 2030، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی ئابووریی نیشتمانی و پاڵپشتیكردنی پرۆسەی گەشەپێدان لە عیراق.سەرۆكوەزیرانی عیراق بەڵێنیشیدا بەدواداچوون بۆ پرسی مووچەی شەهیدان و برینداران و ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی تیرۆرەوە زیانی ماڵیان بەركەوتووە، هەروەها خەڵكی ئاوارەی پارێزگای ئەنبار بكات.