لوتكەی كەشوهەوای كۆپ 31 لە توركیا بەڕێوەدەچێت

عیراق 11:58 AM - 2026/11/09

 ئەمڕۆ 31 مین دانیشتنی كۆنفرانسی گۆڕانی كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان بە ناوی كۆپ 31  لە ئەنتاڵیای  توركیا بە بەشداری نزیكەی 200 وڵات بۆ تاوتوێكردنی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا دەستپێدەكات.

ئەم لوتكەیە كە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت ، لە كاتێكی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، چونكە ڕێكخراوەكانی كەشوهەوا هۆشداری دەدەن لەوەی گەرمبوونی زەوی لە ساڵی 2026دا ئاستی مەترسیداری 1.5پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە بە بەراورد بە سەردەمی پێش پیشەسازی. ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانەش لە شێوەی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان، شەپۆلی گەرمای كوشندە، لافاو و وشكەساڵی بەدی دەكرێن.

توركیا میوانداری لوتكەكە دەكات و موراد كوروم وەزیری ژینگەی توركیا سەرۆكایەتی كۆنفرانسەكە دەكات. لە بەرامبەردا ئوسترالیا وەزیری كەشوهەوا كریس بۆین وەك سەرۆكی دانوستانەكان دەنێرێت، ڕۆڵێك كە ئامانج لێی گەڕان بەدوای ڕێگاكانی گەیشتن بە سازان و ئاسانكاری بۆ پەسەندكردنی دەقی كۆتایی و لەسەر بنەمای كۆدەنگی. دابەشكردنی رۆڵەكانی ئەمساڵ نوێ و نائاساییە و ڕەخنەگران ترسیان هەیە ناكۆكی لێبكەوێتەوە و دەڵێن تەنانەت لە قۆناغی ئامادەكاریدا روون بوو كە پێشنیارەكان هەماهەنگ نەبوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو