گرژی و ئاڵۆزییەكانی فەرەنسا بەردەوامە

عیراق 10:57 AM - 2026/10/19

فەرەنسا لەم رۆژانەدا بە قۆناغێكی ئێجگار هەستیار و پڕ لە گرژیدا تێپەڕ دەبێت، كە تێیدا شەقامەكان گۆڕاون بۆ گۆڕەپانی پێكدادان و كۆشكی سەرۆكایەتیش ڕووبەڕووی قەیرانێكی قورسی بڕیاردان بووەتەوە.

ئەم دۆخە نائارامە دوای ئەوە سەریهەڵدا كە پاریسی پایتەخت و چەندین شاری گەورەی وڵاتەكە، شاهیدی خۆپێشاندانی بەرفراوان بوون. بەپێی ئامارە رەسمییەكان، نزیكەی 800 هەزار هاووڵاتی ڕژانە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی سووتەمەنی، گرانبوونی تێچووی ژیان و دابەزینی توانای كڕین.

بەڵام لە پەراوێزی ئەم خۆپێشاندانانەدا، بارودۆخەكە لە ڕێڕەوی ئاشتیانەی خۆی لادا، بەشێك لە خۆپیشاندەران كە ئیمانوێڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بە تێكدەر و ئاژاوەگێڕ وەسفیكردوون،دەستیان بە سووتاندنی شوێنە گشتییەكان و تاڵانكردنی فرۆشگاكان كرد، ئەمەش وڵاتەكەی ڕووبەڕووی پێكدادانی توندوتیژ لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كردەوە و پۆلیس ناچار بوو  نزیكەی دوو هەزار  كەس دەستگیر بكات.

ئەم شكستە ئەمنییە گەورەیە ،وایكرد لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، بكەوێتە ژێر فشارێكی توندی سیاسی و جەماوەرییەوە، كە لە دەرئەنجامدا ناچار بوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە ئیمانوێل ماكرۆن بكات. بەڵام كۆشكی ئیلیزێ ڕایگەیاند  سەرۆكی فەرنسا دەستبەجێ ئەم داواكارییەی ڕەتكردووەتەوە.

ماكرۆن پێی وایە لەم بارودۆخە شڵەژاوەدا، بەردەوامیی سەركردایەتی جێبەجێكردنی یاسا ئەولەویەتی یەكەمە و نابێت بۆشایی ئەمنی دروست ببێت. سەرۆكی فەرەنسا داوای لە وەزیری ناوخۆ كردووە كە بە خێرایی شێوازی نوێی ئۆپراسیۆن لە مەیدانەكەدا دژ بە تێكدەرەكان جێگیر بكات.

هاوكات ماكرۆن دانی بەوەدا ناوە كە كێشەی سەرەكی لە نەبوونی زانیاری پێشوەختە و شكستی دەزگا ئەمنییەكان بووە لە پێشبینیكردنی قەبارەی ئاژاوەكان. ئەم قەیرانە نەك هەر ناڕەزایەتی هاووڵاتیان، بەڵكو رەخنەی توندی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی وەك مارین لۆپێنی لێكەوتووەتەوە كە پێیان وایە گەل متمانەی بە دەسەڵات نەماوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو