وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق 100 ئۆتۆمبێلی نوێی مۆدێل 2026ی وەك دیاری لەلایەن كۆمپانیایەكەوە پێگەیشت.
ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن كۆمپانیای ئێرس لینك و لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی كۆمپانیاكەدا پێشكەش كراوە، بەبێ ئەوەی هیچ تێچوویەكی دارایی بۆ سەر بودجەی گشتی حكومەت دروست بكات.
تەواوی ئەم ئۆتۆمبێلانە تەنیا بۆ خزمەتی فەرمانبەرانی ئاسایی بەكاردەهێنرێن. بەپێی بڕیارەكە، هیچ وەزیر، بریكار، ڕاوێژكار یان بەڕێوەبەرێكی گشتی بۆیان نییە بۆ كاروباری كەسی یان كارگێڕی خۆیان بەكاریان بهێنن.ئۆتۆمبێلەكان چەندین جۆری جیاواز لەخۆدەگرن،لەوانە پیكاپی كاركردن، دەبڵ ئەكسل و ئۆتۆمبێلی هایبرید ،هەموو ئۆتۆمبێلەكانیش بۆ ماوەی پێنج ساڵ یان 200 هەزار كیلۆمەتر گرەنتی و چاككردنەوەی بێبەرامبەریان لەگەڵدایە.
بەشێك لەم ئۆتۆمبێلانە بە تایبەتی بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانی ژن دیاری كراون، كە لە پێناو رەخساندنی كەشێكی گونجاوتردا، لەلایەن شۆفێری ژنەوە لێدەخوڕرێن.بۆ دابینكردنی بەرزترین ئاستی ئاسوودەیی، ئەو پاسانەی پێشتر جێگەی 19 سەرنشین بوون، دەستكاری كراون و كورسییەكانیان كەمكراوەتەوە بۆ 9 كورسی تا بۆشاییەكی فراوان بۆ فەرمانبەران دابین بێت، لەگەڵ جێگیركردنی سیستەمی فێنككەرەوەی تایبەت بۆ هەر كورسییەك.