لە دەستپێشخەرییەكی نوێدا حكومەتی عیراق، بڕیاریداوە یەك ملیۆن پارچەزەوی كشتوكاڵی بە رووبەری 20 بۆ 25 دۆنم زەوی بدرێتە هەر خێزانێك بۆ كاری كشتوكاڵی، وەزارەتی كشتوكاڵیش بڕی 700 ملیۆن دینار دەداتە پڕۆژەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵی گەورە.
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەزیرانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەدواداچوونی كرد بۆ میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دابەشكردنی یەك ملیۆن پارچە زەویی كشتوكاڵی.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی میكانزیمەكانی جێبەجێكردنی دەستپێشخەریەكە و پێداویستییەكانی سەرخستنی كرا و ناوەرۆكی دەستپێشخەرییەكە كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە تاگەیەنراوە بۆ دابەشكردنی یەك ملیۆن پارچە زەویی كشتوكاڵی لە 15 پارێزگا، لە پێناو وەبەرهێنان لە توانا كشتوكاڵییە بەردەستەكانی وڵات. پڕۆژەكە دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی بۆ سەقامگیریی نیشتمانی و ڕەخساندنی هەلیكار و چالاككردنی كەرتی كشتوكاڵ. تەئكئیدكردەوە لە پێویستی وەبەرهێنان لە سەرجەم زەوییە كشتوكاڵییەكان لە عیراقدا.
زەیدی ئاماژەی بەوەشكردووە، پڕۆژەكە تەرخانكردنی زەوی كشتوكاڵی بە ڕووبەرەكانی 10 بۆ 25 دۆنم بۆ هەر خێزانێك دەگرێتەوە، بەمەرجێك لەچوارچێوەی كۆمەڵگە و ڕووبەری نزیك لە یەك بێت، تاوەكو بتوانرێت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و ژێرخانی بۆ دابینبكرێت بەتایبەتیش ڕێگەوبان و كارەبا، لەگەڵ بەكارهێنانی سیستمی نوێی ئاودان و ئامێری كشتوكاڵی پێشكەوتوو.
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاند، پاڵپشتیی پڕۆژەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵی گەورە بەبڕێك پارە تاوەكو دەگاتە 700 ملیۆن دینار دەكات. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامانج لە دەستپێشخەرییەكە پاڵپشتیی دامەزراندنی پڕۆژەی تەواوكارە بۆ بەخێوكردنی سەر ئاژەڵی گەورە.